شاری هەولێر گرفتی كەمئاوی چارەسەر دەبێت و زیاتر لە 100 بیری ئاو لە كاركردن دەوەستن.
لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرای كردووە سێ پڕۆژەی ئاوی هەولێر و قوشتەپە گفتوگۆی لەسەر كراوە، هاوكات وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر، فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانیان ڕاسپارد كارەكان وەكوو ئەوەی پلانی بۆ دانراوە بە باشتر جێبەجێ بكرێ.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند : “بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگە، كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەبارەی کارەکانی هەر سێ پرۆژەكانی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و ئاوی قوشتەپە و جێبەجێكردنی پرۆژەی تۆڕەكانی ئاوی ئەو شوێنانەی هەولێر كە پرۆژەكە دەیانگرێتەوە، بەڕێوە چوو، بە وردی گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەكەدا باس لەوە كراوە: بە وردی بەدواداچوون بۆ دوایین بەرەوپێشچوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و دیزاینی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و جێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردن و ڕێكخستنەوەی تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوەی ئەو گەڕەك و شوێنانەی كە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر دەیانگرێتەوە، كرا.
پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، دوو قۆناغ یان دوو بەشە، قۆناغێكیان پرۆژەكەیە كە ئاو دەگەیەنێتە شاری هەولێر و ئێستا كارەكانی بە باشی بەڕێوە دەچن، قۆناغێكی تریان كە پرۆژەیەكی دیكەیە و ئەویش دروستكردن و ڕێكخستنەوەی تۆڕەكانی ئاوە لە سەنتەری شاری هەولێر واتە ئەو تۆڕانەی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە دەگرێتەوە كە لە بۆرییە سەرەكییەكەوە ئاو دەگەیەنێتە ئەو گەڕەك و كۆمەڵگە و شوێنانەی شاری هەولێر كە لە پرۆژە گەورەكە سوودمەند دەبن
سەبارەت بە جێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردن و ڕێكخستنەوەی تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوە لەو شوێنانەدا، جەخت لەسەر جێبەجێكردنی كرایەوە وەك ئامادەسازییەك بۆ ئەوەی لە كاتی تەواوبوونی پرۆژەكەدا، تۆڕەكانی ئاویش ئامادەبن و یەكسەر ئاو دەگەیەندرێتە ماڵەكان و پرۆسەكە بەیەكەوە جێبەجێ دەبێت و شاری هەولێر گرفتی كەمئاوی چارەسەر دەبێت كە بەهۆیەوە زیاتر لە 100 بیری ئاو لە كاركردن دەوەستن.
لەبارەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە. كە قەزای قوشتەپە و دەیان گوند و كۆمەڵگەی سنوورەكە لێی سوودمەند دەبن، جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە ئێستا پرۆژەكە دەستی پێكردووە و پشكنین بۆ شوێنەكان كراوە و دیزایینەكەی تەواو بووە و كارە سەرەتاییەكانی بە باشی بەڕێوە دەچن و بۆ ئەو مەبەستە جەخت لەسەر خێراتركردنی كارەكانی كرایەوە بۆ ئەوەی گرفتی ئاو لە قوشتەپە و ئەو سنوورە فراوانە بە تەواوەتی چارەسەر بكات.
سەبارەت بە پڕۆژەی دروستكردن و رێكخستنەوەی تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوە، لەو زۆنەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر دەیگرێتەوە، جەخت لەسەر كاركردن بەشێوەیەكی خێرا وەك ئامادەسازییەك بۆ وەرزی هاوینی داهاتوو كرایەوە بۆ ئەوەی لەو ماوەیەی بۆی دیاری كراوە، پرۆژەكە تەواو بكرێت و بكەوێتە خزمەت هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر، فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانیان ڕاسپارد كاری جدی بكەن بۆ ئەوەی كارەكان وەكوو ئەوەی پلانی بۆ دانراوە بە باشی بەڕێوە بچێت بەمەبەستی دروستكردن و ڕێكخستنەوەی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لەو گەڕەكانەی دەكەونە چوارچێوەی پرۆژەكەوە. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە پرۆژەكان لە وادەی دیاریكراوی خۆیاندا تەواو دەبن و دەكەونە خزمەت هاووڵاتییانەوە و گرفتی كەمئاوی لە هەولێر و دەوروبەری چارەسەر دەكەن.