بەرپرسێکی سەربازی یەکێتی و پەرلەمانتارێکی عەرەبی شیعە تۆڕی کارەبای گوندێکی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا دەکەن

بەرپرسێکی پێشمەرگەی یەکەی حەفتای یەکێتی، لە رێگای پەرلەمانتارێکی عەرەبی شیعەی پارێزگای ناسڕییە لە کوتلەی دەوڵەتی یاسا، کە ناوی (عارف عبدالجلیل حەمامی)یە، لە نووسراوێکدا داوای لە وەزیری کارەبای عێراق کردووە، تۆڕی کارەبا بۆ گوندی قەشقەی ناحیەی قادرکەرەم رابکێشێت.

بەگوێرەی چەند بەڵگەنامەیەک، وەزیری کارەبای عێراق رازی بووە، چونكە گوندەکە نزیک کێڵگەی غازی کۆرمۆرە، بەو مەرجەی تۆڕی کارەباکە رادەستی حکومەتی عێراق بکرێت و داهاتی کارەباکە و چاككردنەوە و ئیشپێکردنی سەر بە بەغدا بێت، هەروەها ئەفسەرەکەی یەکەی حەفتای یەکێتی بە ناوی (ت.ت) لە هەرێم، نووسراوەکەی وەزیری کارەبای عێراقی رایی کردووە و کارەبای سلێمانی لە نووسراوێکدا رازی بووە بە دانانی پێوەر و وەرگرتنی کرێی کارەبا و داهاتەکەی بۆ بەغدا بێت و تۆڕی کارەبای گوندەکە رادەستی بەغدا بکرێت.

بەپێی بەدواداچوونەکان، پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رازی بووە، ئەگەر کارەبا بگاتە گوندەکە، لە تۆڕی کارەبای هەرێمەوە وزە وەربگرێت، بەڵام پێشتر ئەفسەرە سەربازییەکەی یەکێتی رێگری لە پڕۆژەیەکی کارەبا کردووە، کە لە رێگای سندووقی گەشەپێدانەوە لەژێر سەرپەرشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان كارەبا بگەیەندرێتە گوندەكە. پێشتریش بەهۆی بەدواداچوونی رۆژنامەوانی لەسەر ئەو بابەتە، دوو چەکداری یەکێتی رۆژنامەنووس (وریا عەبدولخالق)یان بریندار کرد، کە یەکێک لە چەکدارەکان برازای ئەفسەرەکەیە.

ئەمە یەکەمجار نیە لەدوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، بەرپرسانی یەکێتی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، لە چوارچێوەی سەفەقاتی بازرگانی و هاوکاریکردنی میلیشیاکانی بەغدا، بۆ داگیرکردنی موڵکی گشتی کوردان دەستیان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تێکەڵ دەکەن، بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتی سەرچاوە و موڵکە گشتییەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و حزبەکەیان بەکار دەهێنن، ئەم دیاردەیە ناشرینەی بەرپرسانی یەکێتی کاریگەری خراپی لەسەر متمانەی گشتی و گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان دروست کردووە.

Back to top button