له‌ ئێرانه‌وه‌ فاسۆڵیایه‌ك هێنراوه‌ته‌ سلێمانی كه‌ ده‌بێته‌ هۆی شێرپه‌نجه‌ و له‌باربردنی كۆرپه‌ڵه

به‌رپرسی سه‌ندیكای عه‌لوه‌ی سلێمانی ئاشکرای دەکات، له‌ ئێرانه‌وه‌ فاسۆڵیای ته‌ڕ هاورده‌ كراوه‌ كه‌ مه‌ترسیداره‌ و به‌پێی ئه‌نجامی پشكنینی زانستی، ژنی دووگیان بیخوات منداڵه‌كه‌ی له‌بار ده‌بات.

لە لێدوانێکدا حاجی سه‌روه‌ر به‌رپرسی سه‌ندیكای عه‌لوه‌ی سلێمانی، رایگه‌یاند، ئه‌و فاسۆڵیا ته‌ڕه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ بازرگانان هاورده‌یان كردووه‌، له‌ ماوه‌ی چه‌ندان رۆژی رابردوودا به‌ ده‌یان تۆن له‌و فاسۆڵیایه‌ هاورده‌ كراوه‌ و له‌ بازاڕه‌كان ساغ كراوه‌ته‌وه‌.

راشیگەیاند، دوای ئه‌وه‌ی له‌ تاقیگه‌ی عه‌لوه‌ی سلێمانی پشكنین بۆ ئه‌و فاسۆڵیا ته‌ڕه‌ كراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌ و ماده‌یه‌كی كوشنده‌ و ژه‌هراوی تێدایه‌ به‌ناوی نیترات، خۆی ده‌بێت له‌ 30 زیاتر نه‌بێ، به‌ڵام دوو هه‌زاره‌.

ماده‌كه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌ و به‌پێی زانستی خۆراك ئه‌گه‌ر ژنێكی دووگیان ئه‌و فاسۆڵیایه‌ بخوات، منداڵه‌كه‌ی له‌بار ده‌چێت، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆكاری شێرپه‌نجه‌.

ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ ماوه‌ی رابردوودا ئه‌و فاسۆڵیا ته‌ڕه‌ كه‌ هاورده‌ كراوه‌ له‌ بازاڕ ساغ كراوه‌ته‌وه‌، رۆژانه‌ دوو بۆ سێ تۆن هاتووه‌ كه‌ زانییان مه‌ترسیداره‌، هاورده‌كردنیان راگرت.

لای خۆشیەوە خه‌سره‌و جاف جووتیاری نموونه‌یی گوتی، نابێت ئه‌و ماده‌یه‌ زۆر به‌كار بهێنرێت، چونكه‌ مه‌ترسیداره‌، به‌كارهێنانی زۆری ئه‌و ماده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ زۆر به‌خێرایی پێ بگات، به‌ڵام ئه‌مه‌ گونجاو نییه‌ و ناكرێت مه‌ترسیی دروست بكرێت.

Back to top button