سەرۆك بارزانی پەیامێك لەبارەی لێدوانێكی ئەحمەد شەرع و دۆخی كورد لە سووریا بڵاو دەكاتەوە

سەرۆك مەسعود بارزانی، پەیامێكی لەبارەی لێدوانێكی ئەحمەد شەرع و دۆخی كورد لە سووریا بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: ئەم تیڕوانینە بۆ کورد و داهاتووی سووریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێ دەکەین.
ئەمڕۆ یەكشەممە 15ی 12ی 2024، سەرۆك بارزانی، پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: لێدوانێکی بەڕێز (ئەحب*ـمەد شـ*ـەرع)ـم لەبارەی گەلی کورد لە سووریا بینی کە گەلی کوردی وەک بەشێک لە نیشتمان و هاوبەش لە سووریای داهاتوو وەسف کردبوو، ئەم تیڕوانینە بۆ کورد و داهاتووی سووریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێ دەکەین، هیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی مێژوو و ڕاستکردنەوەی ئەو مامەڵە هەڵە و نادروستەی لە بەرامبەر گەلی کورد لە سووریا ئەنجام دەدرا.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە: ئەم جۆرە تیڕوانینە ڕێخۆشکەرە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی بەهێز، پێویستە کورد و عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی تری سووریا سوود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ ئەوەی پێکەوە لە دامەزراندنی سووریایەکی سەقامگیر و ئازاد و دیموکرات بەشدار بن.