ئیبراهیم برۆ: پەیامی سەرۆک بارزانی زۆر گرنگە بۆ ئاشتەوایی گەلانی سووریا

لەبارەی گرنگی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی کە رۆژی 15 ئەم مانگە بڵاویکردەوە ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ئەنەكەسە)، : “پەیامی سەرۆک بارزانی زۆر گرنگە بۆ تەواوی گەلانی سووریا، بە هەموو پێکهاتە و ڕەنگەکانییەوە، بۆ هەنگاونان بۆ ئاشتی و ئارامی لەنێوان گەلانی سووریا.”

لە لێدوانێکدا ئیبراهیم برۆ، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) گوتی: “وەک چۆن هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی، لە سەرەتای جەنگ و ئاڵۆزییەکانی سووریا بێ جیاوازی باوەشی بۆ سەرجەم گەلانی سووریا کردەوە، ئێستاش کە سووریا چووەتە قۆناغێکی نوێ، پەیامی ئاشتییانەی سەرۆک بارزانی زۆر گرنگە بۆ سەرجەم گەلانی سووریا، بە هەموو ڕەنگ و پێکهاتەکانییەوە.”

گوتیشی: “لە سەرەتای جەنگ و ئاڵۆزییەکانی سووریا، پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ گەلانی سووریا پەیامی ئاشتییانە بووە، دەرکەوت تاکە ڕێگاش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا، بە تایبەتی كێشەی کورد بە دانوستان و ئاشتی چارەسەر دەکرێت، هەموو پەیامەکانی سەرۆک بارزانی هێزێکن بۆ کوردستانی ڕۆژئاوا و پەیامی ئاشتییانەش بوون بۆ گەلانی دیكەی سووریا، تاوەکوو بە یەکەوە چارەنووسی سووریای داهاتوو دیاری بکەین.”

باسی لەوەشکرد: “تاوەکوو ئێستا سێ ڕێککەوتن لە ساڵانی 2012، 2013، 2014 لەنێوان هێزە کوردییەکانی سووریا، لەژێر چاودێریی سەرۆک بارزانیدا کراون، بەڵام بەداخەوە (پەیەدە) بە هیچ شێوەیەک پابەندی ئەو ڕێککەوتنانە نەبووە، تاوەکوو ئێستا پەکەکە دەستێوەردان دەکات لە کوردستانی سووریا و ڕێگری دەکات لە نزیکبوونەوە و ڕێککەوتنی لایەنە کوردییەکانی کوردستانی سووریا.”

جەختیشی کردەوە: ”هەموو لایەنەکانی سووریا لەپێناو گەلی خۆیان ئامادەن خۆیان بگۆڕێن، بە نموونە، ئەحمەد شەرع لەپێناو ئاشتی و ئارامیی گەلی سووریا، خۆی لە گرووپە توندڕەوەکان بەری کرد و تەنانەت ناوی خۆی دەگۆڕێت و ئامادەیە حکوومەتێکی دیموکراسی دروست بکات، بەڵام هەسەدە و پەیەدە ناتوانن لەپێناو ئاشتی و ئارامیی کوردستانی سووریا و قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە مێژووییە، جیابوونەوەی خۆیان لە پەکەکە ڕابگەیەنن.”

شایەنی باسە رۆژی یەكشەممە 15ی كانوونی یەكەمی 2024، سەرۆك بارزانی پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بە لێدوانێکی ئەحمەد شەرع لەبارەی گەلی کورد لە سووریا كرد “كە گەلی کوردی وەک بەشێک لە نیشتمان و هاوبەش لە سووریای داهاتوو وەسف کردبوو،” سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند: “ئەم تیڕوانینە بۆ کورد و داهاتووی سووریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێ دەکەین و هیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی مێژوو و ڕاستکردنەوەی ئەو مامەڵە هەڵە و نادروستەی لەبەرامبەر گەلی کورد لە سووریا ئەنجام دەدرا. ئەم جۆرە تیڕوانینە ڕێخۆشکەرە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی بەهێز و پێویستە کورد و عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی دیكەی سووریا سوود لەم دەرفەتە وەربگرن، بۆ ئەوەی پێکەوە لە دامەزراندنی سووریایەکی سەقامگیر و ئازاد و دیموکراتدا بەشدار بن.”

Back to top button