ڕاوێژكارێكی پێشووی جەلال تاڵەبانی داوا دەكات یەكێتی لە میلیشیاكان دوور بكەوێتەوە

كامەران قەرەداغی، ڕاوێژكاری پێشووی جەلال تاڵەبانی نووسینێكیدا، بە ڕاشكاوی مەترسییەكانی پاشكۆیەتیی یەكێتی لە “بەرەی مقاوەمە”دەخاتە ڕوو و داوا دەكات بە زووترین كات یەكێتی لە میلیشیاكان بكشێتەوە.

قەرەداغی لە نووسینەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە: گومان هەڵناگرێت ئەو گۆڕانكارییانەی ئەم دواییەی ناوچەكە، كە بووە هۆی كەوتنی ئەسەد لە سووریا، ئێرانی لە ناوچەكەدا خست و دەستوپێوەندەكانی لاواز كرد، هاوكات توركیای كردە یاریكەری سەرەكی. ئەم گۆڕانە كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراقیش دەبێت و تا زووە دەبێت لەگەڵ ئەم دۆخە خۆ بگونجێنرێت.

ڕوونیشی كردۆتەوە كە دۆخی تازە بۆ هەرێمی كوردستان پێویستیی بە ڕێوشوێن و بڕیاری بەپەلە هەیە بە مەبەستی خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەكە.

دەشڵێت: ”بە ڕاشكاوی و بۆ ئەوەی خاڵ لەسەر پیتەكان دابنێین، ئەوانەی كە گرەویان لەسەر ئێران دەكرد و هاوپەیمانییان لەگەڵی و لەگەڵ میلیشیاكان دەكرد، پێویستە لەسەریان چاوخشاندنەوەیەكی بەپەلە بە حیساباتەكانیاندا بكەن كە پێشكەوتنەكانی ئەم دواییانە سەلماندی لە هەڵەیەكی زەقدان.

دەشڵێت: بۆ ئەوەی یەكێتی بەرژەوەندی و ئاییندەی خۆی و گەلی كوردیش لە عێراق بپارێزێت، تا زووە پێویستە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئێران و میلیشیاكانی، وەكوو كەتیبەكانی حزبوڵا و ئەهلی حەق و بابلیۆن و سەركردە میلیشیاییەكانی وەكوو خەزعەلی و ڕەیان كلدانی بپچڕێنێت.

دەشڵێت: دەبێ یەكێتی پەیوەندی لەگەڵ پەكەكەی هاوپەیمانی ئێرانیش بپچڕێنێت كە بووەتە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان و تووڕەیی توركیا و بەهێزبوونی وەكوو یاریزانێك لە ناوچەكەدا.

ناوبراو داوا لە كەسانی عاقڵمەند و هۆشیاری ناو یەكێتی دەكات هەڵوێستی خۆیان دەربڕن و لەو پەراوێزییە دەرچن كە تێیكەوتوون، تاكوو حزبەكە و خەڵك لەو مەترسییانە ڕزگار بكەن.

Back to top button