دلاوەر ئاژگەیی ، هانی کوڕو کچانی تاراوگە دەدەین کە ئاڵا و خاک و نەتەوەی خۆیان لە بیرنەکەن

نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا تاقە تەلارە کە بۆ هەمیشەیی ئاڵای کوردستان بە بەرزی تیایدا شەکاوەیە، نوێنەرایەتییەکە لە ڕیزی باڵیوێزخانە جیاجیاکانی دنیا لەو شەقامەی کە هەموویانی لە خۆگرتووە و بۆتە ماڵ و هاوکاری هەموو ڕەوەندی کوردستانی، پێش وادەی ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە 17ی مانگی 12 , لەکەشو هەوایەکی ساردو لێزمەی نمە باران ، نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ، لە شاری بروکسل بەهاوئاهەنگی لەگەڵ گەنجانی بەلژیکاو هۆڵەندا مەراسیمێکیان سازکرد.

سەرەتای مەراسیمەکە، بە مارشی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردو کوردستان دەستیپێکرد ، دواتر د.دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەیەکێتیی ئەورووپا ، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا پووختەیەکی لە مێژووی سەرهەڵدانی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان خستە ڕوو تا بە ئەمڕۆ دەگات کە لە باشووری کوردستان بەرزو شەکاوەیە ، هاوکات ئاڵایەکی گەورەی چەند مەتری لەسەر تەلاری نوێنەرایەتیی حکوومەت لەلایەن کۆمەڵێک گەنج نمایش کرا کە بووە جێگەی سەرنجی ڕێبوارانی ئەو شەقامە قەرەباڵغە کە دەست و پەنجەی خاتوو ئەمیرە تەمۆ درووابوو ، ئیسماعیل عەلی حاجی پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان و نیشتەجێی هۆڵەندا کە هەمیشە بەپۆشاکی کوردی و جەمەدانەی سوور لە بۆنەکاندا دەبینرێ ، ئالایەکی قەبارە گەورەی بەرزکردەوە و پڕبەگەرووی هاواری دەکرد ودروشمی کوردایەتی دەگوتەوە ، لە کۆتاییشدا لەلایەن گرووپی تیپی فۆلکلۆری کوردی کۆما ئازادیی کە پێکهاتبوون لە کۆمەڵێک لە کوڕو کچانی ڕۆژئاوا بەسەرپەرشتی سالار بابی سیلا چەند نمایشێکی جوانی دیلان و سروودە نیشتیمانیەکانیان بەجلوبەرگی کوردییەوە پێشکەش کرد ،کە ڕێبوارانی ئەوشەقامە درێژەی باڵیوێزخانە جیهانییەکانی لە خۆ گرتبوو بە تامەزرۆییەوە دەیانڕوانیە ڕەشبەڵەکی کوڕوکچان بە میوزیکی کوردی وسەرتاپا ئاڵا بەدەست کە هەموو شەقامەکەی گرتبووە،
لە کۆتاییدا سەرماو نمەی باران زۆری بۆ هێنان کەتاکوو بچنە ژوورە وبە خواردن و خواردنەوەی ئامادەکراو بۆ ئەو بۆنەیە تام و نۆش بکەن و پێکەوە هەمووجەختیان لە یەکڕیزیی گەلی کورد دەکردەوە و ڕۆژی ئاڵایان پیرۆزدەکرد.

هەربەم بۆنەیەشەوە د. دلاوەر ئاژگەیی لەبارەی ئەم مەراسیمەوە بۆ خەبات گوتی : پیرۆزبایی ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە تەواوی گەلی کوردستان دەکەین ،
دیاریکردنی رۆژی ئاڵای کوردستان، بەهۆی هەڵکردنی ئەو ئاڵایە بوو لە رۆژی 17-12-1946 لە شاری مهاباد، کە مانگێک بەر لە راگەیاندنی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیەندرا

ئاژگەیی ڕاشیگەیاند : ئاڵای کوردستان بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بووەتە ئاڵای فەرمیی هەرێمی کوردستان و نیشانە و رەنگەکانیشی دیاریکراوە، ئاڵای کوردستان ئاڵای فەرمیی هەرێمی کوردستانە، لە تەواوی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دان، لە دامودەزگا حکوومییەکان و ئۆرگانە فەرمییەکان شەکاوەیە، ئەم ئاڵایە ئاڵای هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستانە. هەروەها، ئەم ئاڵایە زۆر جار وەک ئاڵای “کوردستانی گەورەش”دەبینرێت، لە ساڵی 2009، پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا 17دیسەمبەری هەموو ساڵێک لەسەرجەم داموودەزگاو قوتابخانەکان یادی ئاڵای کوردستان بکرێتەوە،

د. دلاوەر ئاژگەیی ئەوەشی گوت : وەک نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، کاری چالاکوانان و ڕەوەندی کوردستانی لە ئامێز دەگرین وئەم بۆنەیەش بەرز ڕادەگرین ، لەم کات و ساتەشدا پێش وادەی بۆنەکە لەسەر پێشنیاری کۆمەڵێک لە قوتابییانی زانکۆکان لە بەلژیکاو هۆڵەندا کە ڕۆژانە قوتابخانەیان هەیەوناتوانن لە 17ی دیسمبەر ئامادەبن ئەمڕۆیان دیاری کرد و ئێمەش هاوکارو پشتیوانیان بووین کە کوڕوکچەکانمان لە تاراوگە هەمیشە ئاڵاو خاک ونەتەوەی خۆیان لەبیر بێت .

Back to top button