دارستانێکی دەستکرد و سێ پۆندی ستراتیژی دروست دەکرێن

لە کۆبونەوەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی، باس لە دروستکردنی دارستانێکی دەستکرد و سێ پۆندی ستراتیژی دەکرێ.

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “بەئامادەبوونی ڕاوێژکاران و بەرێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون و بەرێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان و بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەت، کۆبوونەوەی لیژنەی تەکنیکیی هاوبەشی نێوان وەزارەت و ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی WFP بەرێوەچوو، لە ژێر ڕۆشنایی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی تەکنیکی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی بەرێوەچوو، بۆ مەبەستی پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری و بەهێزکردنی ژێرخانی ئاسایشی خۆراک و خێراکردنی بەرنامەکانی کەمکردنەوەی کاریگەری و مەترسییەکانی گۆرانکاریی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەتایبەتی.”

لە کۆبوونەوەکە باسی ئەوەشکراوە، “ئامادەکاری بۆ ڕێکخستنی ئیفێنتێکی هاوبەشی نێوان وەزارەت و وەبەرهێنەران و خاوەن پڕۆژە ستراتیژییەکانی کشتوکاڵی لەگەڵ ڕێکخراوی WFP بۆ مەبەستی هێنانەکایەی ڕوئیایەکی هاوبەش بۆ پاڵپشتی پڕۆژەی چاندن و زیادکردنی پانتایی سەوزایی، کە وا بریارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو بەرێوەبچێت.”

ئاشکراش کراوە، “گرنگیدان بە دروستکردنی دارستانی دەستکرد لەسەر ڕووبەری 1200 دۆنم زەوی لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی سێکتەری باخداری.”

بەپێی بڵاو كراوەی وەزارەتی كشتوكاڵ، “دەستنیشانکردنی دروستکردنی سێ پۆندی ستراتیژی و دیراسەکردنی لۆکەیشنی ئەو پۆندانە خرانە ڕوو، نۆژەکردنەوە و چاکسازیکردن لەو پۆندانەی، کە زۆر پێویست و گرنگە لە بەرنامە دابندرێ لە چوارچێوەی پڕۆژەی پۆندسازی و هەرەوەزی و پاڵپشتی جووتیاران.”

بڕیاریش دراوە، “بۆ چارەسەرکردنی ئاوی قورسی سنووری بازیان و چارەسەرکردن و چاکسازیکردنی ئاویی بەنداوی دێوانە و کاراکردنی وێستگەکانی کەشناسی و ڕاهێنانی ستافی کادیران و فەرمانبەرانی تایبەت بە بەکارهێنانی وێستگەکان.”

Back to top button