لەژێر فشاری عەرەبە هاوپەیمانەكانی، یەكێتی سەرجەم هێزەكانی كۆماندۆی لە بینای پارێزگای كەركووك كشاندەوە

دوای ئەوەی دوێنێ هێزێكی پاسەوانی باڵەخانەی پارێزگای كەركووك، لەگەڵ هێزێكی پاسەوانی محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بەشەڕهاتن و شەڕەتەقە لەنێوانیاندا روویدا، لەژێر فشاری عەرەبە هاوپەیمانەكانی، یەکێتی سەرجەم هێزەكانی كۆماندۆی لە باڵاخانەی پارێزگای كەركووك كشاندەوە.

بەپێی زانیارییەكان، ئەو هێزەی كە شەڕەكەیان لەگەڵ پاسەوانەكانی حافز كردووە، هێزی كۆماندۆی یەكێتین و پاش دانانی ڕێبوار تەها بە پارێزگار، ئەو هێزە بۆ پاسەوانیكردنی بینای پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دانراون.

“خواکوڕک” لە سەرچاوەیەكی ئاگادار لەنێو ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك زانیویەتی: ”ئه‌و هێزه‌ی كۆماندۆی یه‌كێتی كه‌ هێنرابوون بۆ بینای پارێزگای كه‌ركووك، له‌گه‌ڵ پۆلیسی شاره‌كه‌ بیناكه‌یان ده‌پاراست، دوێنێ به‌هۆی ئه‌و شەڕەی روویداوه‌، هاوپه‌یمانه‌كانی یه‌كێتی داوای ده‌ستبه‌جێ كشانه‌وه‌ی كۆماندۆیان كردووه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركردنی چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی كۆماندۆ به‌تۆمه‌تی دروستكردنی پشێوی، ئه‌مڕۆ ئه‌فسه‌رێكی باڵای كۆماندۆ و چه‌ند پۆلیسێك كه‌ ژماره‌یان هەشت كه‌سه‌ ده‌ستگیركراون و بۆ ماوه‌ی 5 رۆژ له‌ زیندان ده‌مێننه‌وه‌ و دواتر دادگایی ده‌كرێن و سه‌رجه‌م هێزی كۆماندۆش له ‌بینای پارێزگا دوورده‌خرێنه‌وه‌ و له ‌شوێنی ئه‌وان، هێزی جل ره‌ش شوێنیان ده‌گرێته‌وه‌ به‌ناوی هێزی سەپاندنی یاسا.“

سەرچاوەکە ئاشكراشی كرد: ”گرفتی گه‌وره‌ له‌ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دروست بووه‌، شێخ زاهیر ئه‌نوه‌ر عاسی، ناچێته‌ ناو كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نەكە، به‌مه‌ش رێژەی یاساییان بۆ ته‌واو نابێت. دیسان داواكاری هه‌یه‌ و دەڵێت، ئه‌وه‌ی به‌ردراون له‌ سلێمانییه‌وه‌ ژماره‌یان 100 كه‌سه‌، به‌ڵام زیاتر له‌و ژماره‌یه‌ لای ئێمه‌ ناویان هه‌یه‌ و ده‌بێت به‌بێ مه‌رج ئازاد بكرێن! جیا له‌وه‌ش به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ی یه‌كێتی، ده‌بێت پۆستی (قایمقامی داقوق، به‌رێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنان، بەڕێوەبەری پۆلیس و بەڕێوەبەری كشتوكاڵ) بۆ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب بێت، ئێستاش زاهیر عاسی دەڵێ، ده‌بێت ئه‌و پۆسته‌ بۆ عه‌شیره‌تی عوبێدی بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌كرێت به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌كان ناكات و ئه‌گه‌ری ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌یه‌.“

 

Back to top button