وەزارەتی داد بەشێكی نوێی كردەوە
وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەشی (رادەستكردن و داواكردنی تۆمەتباران و تاوانباران ) لەوەزارەتی داد، نزیكەی 280دۆسییەی جۆراوجۆری لەبەردەستدایە.
وەزارەتەکە لە راگەیاندراوێکدا كردنەوەی بەشێكی نوێێ راگەیاند و دەڵێ:” ئەو بەشە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و بۆ رێكخستنەوەی كارگێڕی بەجۆرێك كە ئیشوكارەكان باشتربێت و خزمەتێكی باشتر پێشكەش بكرێت.
بەپێی راگەیاندراوەکە ناوی بەشە نوێیەكە ( یەكەی رادەستكردن و داواكردنی تۆمەتباران و تاوانباران)ی گۆڕی بۆ ( بەشی رادەستكردن و داواكردنی تۆمەتباران و تاوانباران) كە راستەوخۆ سەربە نوسینگەی وەزیری داد دەبێت و بەهەماهەنگی بەڕێوبەرایەتی كاروباری یاسایی كارەكانی رایی دەكرێت.
بەدرەدین كەریم بەرزنجی، ئەندامی داواكاری گشتی، سەرپەرشتی كاروباری بەشەكە دەكات پاڵپشت بە مادەی (15) لە یاسای داواكاری گشتی. ئیشوكارەكانی بەشی رادەستكردن و داواكردنی تۆمەتباران و تاوانباران، پەیوەندی بە مادەكانی ( 352)تا (368) ی ( یاسای بنەماكانی دادگایی سزایی) هەیە، كە پەیوەستن بەبابەتی رادەستكردنی تۆمەتباران و ( جێكاری دادوەری) یەك لە ئەركەكانی بەشەكە، تەماشاكردن و وردبینیكردنی دۆسییەی ئەو كەسانەیە كە لە دەرەوە تاوانێكی ئەنجامداوەو وڵاتەكەی خۆی بەجێدەهێڵێت و هەڵدێت، و دێتە عێراق یان هەرێمی كوردستان، پاش ئەوەی كە فەرمانی گرتنی نێودەوڵەتی بۆ ئەو كەسە دەردەچێت، ئەو بەشە تایبەتمەندە بەوەی كە لەڕێگەی كەناڵە دیبلۆماسییەكانەوە، دۆسییەی رادەستكردنەكەی لە وڵاتەكەی خۆی وەردەگرێت و ئیشی لەسەر دەكات.
ئەركێكی تریشی سەرپەرشتی كردنی گواستنەوەی ماوەی بەسەربردنی سزای سزادراوانێكە لە زیندانی وڵاتێكی ترەوە بۆ هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی ئەو داوایانەش دەكات كەلە دەرەوەی عێراقەوە تۆمار كرابێت بۆ ئاگاداركردنەوەی لایەنەكانی داواكە ئەگەر لە هەرێمی كوردستان بوون . لە ئێستە دا بەشی (رادەستكردن و داواكردنی تۆمەتباران و تاوانباران ) لەوەزارەتی داد، نزیكەی (280) دۆسییەی جۆراوجۆری لەبەردەستدایە.