راوێژكاری پێشووی مام جه‌لال: دەنگۆی دەربازبوونی ماهیر ئەسەد بەنێو ناوچەكانی هەسەدە و یەكێتییدا، لەم كاتەدا بۆ كورد زۆر خراپە

راوێژكارێكی پێشووی سەربازی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی پێشووی یەكێتی رایدەگەیەنێت، دەنگۆی دەربازبوونی ماهیر ئەسەد بەنێو ناوچەكانی هەسەدە و حەشد و یەكێتییدا و ئنجاش بۆ قەندیل، لەم كاتەدا بۆ كورد زۆر خراپە، و بەدڵنیاییەوە ئەوە سەركێشیە بە سلێمانی و هەرێمی كوردستانیشەوە.

لەمبارەیەوە حاكم حه‌مدی گلی، راوێژكاری پێشووی سه‌ربازی جه‌لال تاڵەبانی و حاكمی سه‌ربازی پێشووی یه‌كێتی رایگەیاند: “ئه‌و هێزەی‌ له ‌سووریاوه‌ هاتنه‌ ناو عێراق، ژمارەیان هەزار كه‌س بوو، هێزێكی رێكخراو و پڕچه‌ك بوون، بەشێك لە میدیاكان دەڵێن كه‌ ماهیر ئه‌سه‌د له‌گه‌ڵیان هاتووەتە ناو عێراقەوە، تا ئێرە بۆ كورد ئاساییە، به‌ڵام مه‌ترس لەوێوە دەست پێدەكات ‌كه ئەو میدیایانە باس لەوە دەكەن گوایە ماهیر ئەسەد لە ناوچەكانی بن دەستی هەسەدە و بە هاوكاری بەرپرسانی ئەوان، گەیەندراوەتە ناوچەكانی بن دەستی حەشدی شەعبی لە عێراق و ئنجا لەوێوە هاتووەتە سلێمانی و پاشان بۆ قەندیل، بێگومان ئێمە وەكو كوردێك هیودارین ئەو زانیارییانە راست نەبێت، بەڵام خوانەكردە ئەگەر راست بێت، ئەوە بۆ سلێمانی و بۆ كورد بەگشتی زۆر خراپ دەبێ، لەم كاتەدا تۆ تاوانبارێكی وا گەورە ببەیتە سلێمانی و ئنجاش بۆ قەندیل. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ كرابێ‌، كه‌ ده‌رگا كرابێته‌وه‌ بۆ ماهیر، براده‌رانی یه‌كێتی ده‌بێت به‌رپرسیارێتی هه‌ڵبگرن.

ئاشکراشی کرد، “ئه‌گەر یەکێتی ئەوکارەی کردبێت به‌بێ پرسی حكومه‌ت كراوه‌ و یه‌كێتی به‌هۆی ئه‌م پرسه‌وه موعه‌ره‌ز ده‌بێت بۆ لێدان چونكە باشترین بڕیار و كرداری سەركردایەتی سیاسی كورد لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە نەیانهێشتووە، كورد داخڵی ئەو ململانێ چەكدارییە گەورەیەی ناوچەكە بێت، ئەگەریش وەك گوتەبێژی یەكێتی دەڵێ ئەو دەنگۆیانە راست نین، بە پێویستی دەزانین یەكێتی بە رەسمی و ئۆفیسی بافڵ تاڵەبانییش، بە راگەیەندراوێكی نووسراو و رژد و روون، ئەو دەنگۆیانە رەت بكەنەوە و تا ئیتر هیچ میدیایەك قسەی زیاتر لەوبارەیەوە نەكەن، یان سكاڵای یاسایی دژی ئەو كەناڵە پێشكەش بكەن.”

Back to top button