لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دڵنیایی درا

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنگۆی راگرتنی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران رەتکردەوە و دڵنیایی دا کە پرۆسەکە بەردەوامە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی دەنگۆی راگرتنی دابەشکردنی زەوی رایگەیاند :” پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی هیچ کێشەیەکی نەبووە و رانەگیراوە بەدڵنیاییەوە، بەڵام لە وەزارەتی شارەوانی چاوەڕێی لیستین لەوەزارەتەکانی تری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆمان بێت .
گوتیشی:” لە بەشێکی وەزارەتەکان هەتاوەکو ئێستا لیستەکان نەگەیشتوون یان کەموکوڕی تێدابووە بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەمان لە وەزارەتی شارەوانی بۆ ئەو وەزارەتانە داناوە بۆ رێکخستنی ناوەکان و لیستەکان بەدڵنیاییەوە ئەو کاتەی دەگات کاری پێویستی بۆ دەکەین.
باسی لەوەشکرد:” لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی بەرچاو لیست ئامادەکراوە و لەو ماوەیە دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی وەزیران و رەزامەندی لەسەر دەدرێت .