کرمانج عزەت: پارتی ئامادەکاری تەواوی کردووە بە پلانێکی گەورە دەچێتە ساڵی نوێ

بەرپرسی لقی ٢٦ی پارتی دەڵێت، پارتی  دیموکراتی کوردستان بەشێکە لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بە ئومێدەوە پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکات، هاوکات دەشڵێ، پارتی ئامادەکاریی کردووە بە پلانێکی گەورە دەچێتە ساڵی نوێ.

کرمانج عیزەت، بەرپرسی لقی ٢٦ی پارتی ڕایگەیاند: بە ئومێدێکی گەورەوە بەرەو ساڵی نوێ دەڕۆین، واتا یەکێک لە نھێنیەکانی مانەوەی پارتی ئەوەبووە ھەمیشە پلانی خۆی بۆ ھەموو ڕووداوێک و پێشھاتێک و ساڵێک ھەبووە، بەدڵنیاییەوە پارتی بۆ ساڵی نوێ و ساڵانی داھاتووش پلانی گەورەی ھەیە، تا ڕۆڵی گەورەی ھەبێت لەسەر ئاستی ناوچەکە و ڕووداوەکان، چونکە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ناوچەکە بەڕێوەیە، پارتیش ڕۆڵی خۆی دەبێت لەو گۆڕانکارییە، پارتی بەگشتی و بەتایبەت سەرۆک بارزانی ھەموو ھەوڵێک دەدەن کورد سوودمەندبێت لە گۆڕانکارییەکان.

بەرپرسی لقی ٢٦ی پارتی جەختیش دەکاتەوە: ھەوڵی جددی پارتی و سەرۆک بارزانی بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی گەلی کورد و بەرەو پێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردە، هاوکات ئاسۆیەکی گەشیش بۆ ئایندەی گەلی کورد دەرکەوتووە، ئەو ئاسۆیە پێویستی بە پلانێکی تۆکمە ھەیە کە جیاوازی ھەبێت لەگەڵ ساڵانی پێشوو، باوەڕم وایە پارتیش بۆ ئەو پلانە کار دەکات.

کرمانج عیزەت ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: پارتی بەشێکە لەو گۆڕانکارییەی لە ناوچەکە دەکرێت، گرینگترین بەرنامەی پارتیش ئەوەی کاری لەسەر دەکات بەرقەراربوونی سەقامگیرییە لە کۆی ناوچەکە، لەبەر ئەوەی ئەگەر ڕەوشی ئاسایشی ناوچەکە سەقامگیر نەبێت ھەموومان زەرەرمەند دەبین، واتا پلانی پارتی لە دوو خاڵدا خۆی دەبینێتەوە، یەکەم ناوچەکە بەگشتی سەقامگیربێت، خاڵی دووەم مافی گەلی کورد لەو گۆڕانکارییانە دەستەبەر بکرێت.

Back to top button