ئەشکەوتی شانەدەر مۆزەخانەیەکی سەردەمییانە دروست دەکرێت
بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەواری لە ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ھەموو رێکارەکانی دروستکردنی مۆزەخانەیەکی سەردەمیانە و سەرنجڕاکێش بۆ نمایشکردنی ئەو کەلوپەلانەی لە ئەشکەوتی شانەدەر دەدۆزرێنەوە، تەواو بووە و تەنیا ماوە دەست بە دروستکردنی بکرێت، کە زانکۆی کامبریجی بەریتانی کارەکە ئەنجام دەدات.
محەمەد لەشکری، رایگەیاند: لە بەری لای خوارەوەی ئەشکەوتی شانەدەر مۆزەخانەیەک دروست دەکرێت و ئەو کەلوپەلانەی لە ئەشکەوتەکە دەدۆزرێنەوە، لەوێ دادەنرێن، بۆیە تیمی زانکۆی کامبریجی بەریتانی ئێستا کار لە شانەدەر دەکەن و دیزاینی مۆزەخانەکەیان کردووە و ھەموو کارەکانی دروستکردنی تەواو بوون، کە چۆن گەشتیاران رێنمایی بکرێن سەردانی مۆزەخانەکە بکەن و تەنیا ماوە دەست بە دروستکردنی مۆزەخانەکە بکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، کە زانکۆی ناوبراو بە کارەکە ھەڵدەستێت، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ راکێشانی گەشتیاران بۆ ئەوەی بێن سەردانی مۆزەخانەکە بکەن و بە چاوی خۆیان کەلوپەلە شوێنەوارییەکانی ئەشکەوتی شانەدەر ببینن.
لەشکری گوتیشی: مۆزەخانەکە بە جۆرێک دروست دەکرێت، سەردەمیانە بێت و بەردەوام خەڵک سەردانی بکات و سەرنجڕاکێش بێت، کە مۆزەخانەیەکی کراوە دەبێت، بۆیە ئەوە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین سەرنجی گەشتیارێکی زۆر راکێشین بێن سەردانی ئەو شوێنانە بکەن کە شوێنەواریین، بەتایبەت شوێنەواری ئەشکەوتی شانەدەر، کە زۆر بەناوبانگە لەسەر ئاستی جیھان نەک تەنیا ھەرێمی کوردستان.