مەسرور بارزانی و ئەردۆغان جەخت لە نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکەنەوە

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەم، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەیدا بۆ توركیا، لە كۆشكی كۆماری لە ئەنكەرە، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا بەهێزكردنی پێوەندیی دوولایەنە و دواین پەرەسەندن و پێشهاتەكانی عێراق و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و سووریا تاوتوێ كرا.

لە بەشێكی تری كۆبوونەکەدا، دووپات لە گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و نەهێشتنی ئاستەنگەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كرا.

لەبارەی دۆخی سووریاش، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش و مافی گشت پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە.

Back to top button