عەلی حەمەساڵح بۆ یەكێتی: لە بری دەستگیركردنی خۆپیشاندەران، ئەوانە دەستگیر بكەن كە قاچاخچێتی دەكەن
شەوی رابردوو، هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی هەڵمەتێكی فراوانی دەستگیركردنی ئەو خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتایانەیان دەست پێكرد كە دوێنێ لە سلێمانی خۆپیشاندانیان دژی بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەكانیان كردبوو.
لەمبارەیەوە عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) نووسینێكی كورت و ڤیدیۆیەكی بڵاو كردەوە و لە نووسینەكەدا دەڵێ: لەبری دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران، بڕۆن ئەوانە دەستگیر بکەن كە ئێستاش قاچاخچێتی دەکەن.
هەروەك لە ڤیدیۆكەشدا باسی لەوە كردووە كە نزیكەی 70 هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا هاوردە كراون، خۆ بە ئاسماندا نایەت، یا بە مەرزدا دێ یان بە گومرگدا دێ.
دەشڵێت: خەڵك هەیە دەگری و دەڵێ هەموو ژیانم نۆ هەزار دۆلارم هەبووە و داومە بە ئۆتۆمبێلێك، بیانگوتایە قەدەغەیە نەماندەكڕی، بەڵام پێشتر خەڵك دەیكڕی، دەیفرۆشت، پێشانگای هەبوو و پێشانگاكەش مۆڵەتی هەبوو، ئۆتۆمبێلەكە دەهات و دەچوو، پێش هەڵبژاردن هەموویانیان بەكارهێنا بۆ هەڵبژاردن. ئێستا غەدرێكی گەورەیان لێ دەكەن.
عەلی حەمەساڵح باسی لەوەش كردووە كە لە رابردوودا دەیان ئۆتۆمبێلی جۆری جی كلاس و لاندكرۆزەری خوار مۆدێل بە قاچاخ هاوردە كراوە و هەموویان ژمارەیان پێ دراوە، كەچی ئێستا زوڵم لە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەكەن.