دکتۆر پیرۆت ھۆکار و ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانی لە نەمسا ده‌خاته‌ڕوو

دکتۆر پیرۆت ئەحمەد، کە یەکێک بووە لەو کەسانەی لە کاتی ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانی لە ڤیەننا لەگەڵی بوو و بریندار کرا، باسی ئەو رووداوە دەکات و دەڵێت، حیزبی بەعس حیسابێکی زۆریان بۆ سەرۆک بارزانی دەکرد و پێیان وابوو ئەگەر سەرۆک بارزانی تیرۆر بکرێت، کەس نابێت بەرگری لە دۆزی رەوای گەلی کورد بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و شکستیان ھێنا.

ئەمڕۆ 46 ساڵ بەسەر ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانی لە ڤیەننا تێدەپەڕێت، په‌یوه‌ست به‌و هه‌وڵه‌ نه‌زۆكه‌ی به‌عسه‌یه‌كانیش دکتۆر پیرۆت ئەحمەد، کە ھاوەڵی سەرۆک بارزانی بوو و لەو رووداوەدا بریندار بوو، گوتی، “ھۆکاری ھەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوان وایاندەزانی ئەگەر سەرۆک بارزانی تیرۆر بکەن، ھیچ کەسێک نامێنێت بەرگری لە دۆزی رەوای گەلی کورد بکات، بۆیە ھەموو ھەوڵێکیان دا و ئەوە بوو لە شاری ڤیەننا ھەوڵی تیرۆرکردنی درا، کە دوای شۆڕشی ئەیلوول جارێکی دیکە ھێزی پێشمەرگە دەستی بە کارەکانی کردەوە بۆ بەدەستھێنانی مافی میللەتی کورد، بە پشتیوانیی خوا توانرا سەرۆک بارزانی لەو ھەوڵە رزگار بکرێت و ئەوانەی پیلانیان دانابوو، شکستیان ھێنا، چونکە رژێمی بەعس ئەو کارەی ئەنجام دا و زانییان وەکو پیشەی ھەمیشەییان سەرکەوتوو نەبوون، باسیان لەوە کرد کە ئێمە ئەو کارەمان نەکردووە، بەڵام بە ھەموو شێوەیەک دیار بوو کاری رژێمی بەعسە بۆ تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانی.

دکتۆر پیرۆت گوتیشی، “ئێمە پێشتر ھیچ ئاگاداری ھەوڵێکی لەو شێوەیە نەبووین و لە شوێنێک دانیشتبووین و سەرۆک بارزانی ھەندێک پرسیاری لە کەسێک ھەبوو، دیارە ئەوانیش چاودێریی ئێمەیان کردبوو و ئێمەش ماینەوە تاوەکو کاتژمێر ١١:٢٠ خولەکی شەو، کاتێک ئێمە چووین بۆ خوارەوە، تەقەیان لە ئێمە کرد ئەوکات سەرۆک بارزانی لەسەرەوە بوو، بۆیە من گوللەیەک بەر ڕانم کەوت و کاک ئازاد بەرواریش گوللەیەک بەر سکی کەوت و ھەردووکمان بریندار بووین.

دکتۆر پیرۆت ڕوونیشی کردەوە، “سەرۆک بارزانی سەرەڕای ئەو ھەوڵەی بۆ تیرۆرکردنی درا، ورەیەکی زۆر بەرزی ھەبوو و ھیچ گۆڕانکارییەک بەسەریدا نەھات و باسی لەوە کرد، من قەرزاری ئێوەم و ئێمەش پێمان گوت، گرنگ جەنابتان سەلامەت بن ئێمە ھیچی ترمان ناوێت، بەڵام تەنیا نیگەرانی ئەوە بوو ئێمە بریندار بووین و نیگەرانی ئێمە بوو زیاتر، لەبەر ئەوەی سەرۆک بارزانی بە ھیچ شێوەیەک ھەستی بە ھیچ ترسێک نەدەکرد و ورەیەکی زۆر بەرزی ھەبوو، بەڵام ئەوکات لە راگەیاندنەکان بە شێوەیەکی زۆر فراوان بڵاو بووەوە و وەکو ڕووداوێکی زۆر گەورە تەماشا کرا دژی رژێمی بەعس و بە چاکەی ئێمە زیاتر باس دەکرا.

Back to top button