بەهۆی بڕیاڕێکی هەڵەی یەکێتی، هاوپەیمانان هاوکاری دارایی فەوجێکیان راگرت

لە كاتێكدا مانگەكانی رابردوودا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوشێوەی سەرجەم لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، هاوكاری مانگانەیان پێشكەش بە فەوجی یەك لە لیوای 16ی وەزارەتی پێشمەرگەش دەدا، بەڵام ئەم مانگە هاوپەیمانان هاوكاری ئەو فەوجەیان راگرتووە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست “خواکوڕک” کەوتووە، هۆكاری راگرتنی هاوكارییەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پێشتر فەرمان بە هەموو ئەو لیوا و فەوجانە كراوە كە هاوبەشن و هاوپەیمانان هاوكارییان دەكەن، بەوەی كە نابێت بەبێ راوێژكردن لەگەڵ هاوپەیمانان، بڕیار بدەن، بەڵام فەرماندەی لیوای 16 لەژێر فەرمانی حیزبی و سیاسی و بەبێ گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانان، فەرماندەی فەوجی یەكی لیواكەی گۆڕیوە و كەسێكی داناوە كە لە لایەن یەكێتییەوە بەسەر لیواكەدا سەپێندراوە، بەم هۆیەوە هاوپەیمانان هاوكارییەكەیان راگرتووە.

جێی باسە گومان دەكرێ یەكێتی بە ئەنقەست فشاری كردبێت بۆ ئەوەی فەرماندەی ئەو فەوجە بگۆڕدرێ و كێشە لەبەردەم هاوكاریكردنی لیواكان لە لایەن هاوپەیمانان دروست ببێت.

ئەوەش زانراوە، یەكێتی لەوە پەشیمان بووەتەوە كە چەند لیوایەكی خۆی خستۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، چونكە لە دوایین هەڵبژاردندا ئەو لیوایانەی كە هاوبەشن، ئامادە نەبوون بچنە ژێر فشاری یەكێتی و دەنگ بەو كەسانە بدەن كە لە لایەن یەكێتییەوە بەسەریاندا فەرز دەكرێت.

Back to top button