بافڵ تاڵەبانی سەلماندی کە هاوردەکردن و دەست بەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان لە سلێمانی، بڕیاری حكومەت نەبووە
بافڵ تاڵەبانی، بەبێ ئەوەی هیچ پۆستێكی حکومی هەبێت، بڕیاری دا چیتر رێگری لە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكانی سلێمانی نەکرێت، لە كاتێكدا پێشتر بە ناوی هاتووچۆ و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بانگەشەی ئەوەیان دەكرد گوایە رێگری لەو ئۆتۆمبێلانە دەكرێ.
لەوبارەیەوە سەعید هەركی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ”بڕیارەكەی ئەمڕۆی بافڵ تاڵەبانی دەیسەلمێنێت كە بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكانی سلێمانی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ و حكومەتی هەرێمی كوردستان نەبووە، بەڵكوو بڕیارێكی حیزبی بووە و بۆ ئەوە دەیانەوێ دەستی بەسەردا بگرن تاوەكو خۆیان لەو ئیحراجییە گەورەیە دەرباز بكەن، چونكە هەر یەكێتی هەزاران ئۆتۆمبێلی بێسەرەتای بە قاچاخ هێناوەتە سلێمانی و بە خەڵكی فرۆشتۆتەوە.“
جەختیشی كردەوە: ”ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان، نە هاوردەكردنیان، نە بڕیاری دەست بەسەرداگرتنیان، نە بڕیارەكەی ئێستای رێگەپێدانیان بە سووڕانەوەیان لە شەقامەكان، هیچیان بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەسەر نییە، بەڵكو هەمووی بڕیاری یەكێتییە و یەكێتی وەک دەسەڵاتێکی حیزبی گەندەڵ، دەڤەری سلێمانی لەم كێشەیەوە ئاڵاندووە، بۆیە مانەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە شەقام، زیان بە خەڵك دەگەیەنێت بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلی بڕاوەن و هیچ مەرجێكی سەلامەتییان تێدا نییە، دەست بەسەرداگرتنیشیان هەر زەرەر بە خەڵك دەگەیەنێت، چونكە ئەو خەڵكە پارەیان بە ئۆتۆمبێلەكانیان داوە و پارەكەش لە گیرفانی یەكێتییە.“