ئەمڕۆ 56 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی شێخ ئەحمەد بارزانی تێدەپەڕێت
شێخ ئەحمەد بارزانی رابەرێكی مەزن و شۆڕشگێڕ تەژی لە خوداناسی، نیشتمانپەروەری، دادپەروەری، پاراستنی پێكەوەژیان و وەستانەوە لە دژی زوڵم و زۆرداری ،ناو و ناوبانگێك كە هەمیشە لە دیرۆكی كورددا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.
خودانێ بارزان (شێخ ئەحمەد بارزانی) لە ساڵی 1896 لە دەڤەری بارزان لەدایك بووە . هێشتا تەمەنی (7) ساڵان بوو كە باوكی، شێخ محەمەد، كۆچی دوایی كردووە . برا گەورەكەی، شەهید شێخ عەبدلسەلام بارزانی جێگیرەوەی باوكی بوو و درێژەی بە خەباتی مروڤایەتی و ئایینی و شۆڕشگێڕی دا .
دوای ئەوەی لە ساڵی 1914 شێخ عەبدلسەلام بارزانی لە لایەن عوسمانیەكانەوە شەهید كرا ، شێخ ئەحمەد بارزانی كە برای بچووكی شێخ عەبدولسەلام بوو، درێژەی بە خەبات و بەردەوامیدان بە رێبازی بارزان دا . ئەوكات تەمەنی شێخ ئەحمەد بارزانی 18 ساڵ بوو.
شێخ ئەحمەد بارزانی كە ئەوكات لە تەمەنێكی كەمی ژیاندا بوو، گەشەی بە ڕێبازی بارزان دا . لە ساڵی (1919) پشتیوانی لە شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید كرد و هەروەها نامەی بۆ شێخ و سەرۆك هۆزەكانی بادینان نارد و هانی دان هاوكاری شێخ مەحموود بكەن و خۆیشی ژمارەیەك پێشمەرگەی بە سەركردایەتیی مستەفا بارزانیی برای نارد بەڵام پێش ئەوەی ئەو هێزە بگەنە دەڤەری سلێمانی ، قۆناغی یەكەمی شۆڕشی شێخ مەحممودی حەفید كۆتایی پێهاتبوو .
هەروەها سەردەمی پێشەوایەتیی (خۆدانێ بارزان) سەردەمێكی پڕشنگدار بوو لە مێژووی گەلی كوردستان لە شێوازی بەڕێوەبردن دادپەروەری، یەكسانی، لێبوردەیی، ملكەچ نەكردن بۆ داگیركەران و دووژمنان، تەسلیم نەبوون، ئیرادەی پۆڵاین، ڕاستی و دروستی، ڕەوشتبەرزی، ئایین و پێكەوەژیان و ژینگەپارێزی . هەموو ئەمانە لە سەردەمی شێخ ئەحمەد بارزانی كران بە یاسا و رێسا.
لە ساڵی 1931 بەهۆی ناكۆكییەكانییەوە لەگەڵ حكومەتی ئەوسای عێراقدا، شەڕوپێكدادان لەنێوان هێزی بارزانییەكان و سوپای عێراقدا ڕوودەدات و نزیكەی ساڵێك دەخایەنێت، كە بە شۆڕشی یەكەمی بارزان ناسێندرا و شێخ ئەحمەد رابەرایەتیی ئەم شۆڕشەی كرد.
لە كانوونی دووەمی ساڵی 1969 باری تەندروستیی شێخ ئەحمەد بارزانی تێكدەچێت و نەخۆش دەكەوێت . لە 9ی هەمان مانگ، بە هێلیكۆپتەر دەگەیەنرێتە بەغدا بۆ چارەسەركردن، بەڵام سەر لەبەیانی 11ی مانگ لە نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە بەغدا كۆچی دوایی كرد.