حکومەتی هەرێمی کوردستان: حکومەتی فیدراڵ خۆی لە بەرپرسیاریەتییە دەستووریەکانی دەدزێتەوە

لە ڕاگەیەندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی مادەی 140 دەستووری عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2005، دەبێت پرۆسەی ڕیفڕاندۆم لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت و حکومەتی فیدراڵی پابەند کراوە پێش 31ی کانوونی یەکەمی 2007 ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکات.

دەشڵێت: “چ پێش ئەم ڕێککەوتە، چ لەو 20 ساڵەی ڕابردوودا، سەرجەم حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بە تەواوی شکستیان هێناوە.”

باسی لەوەشکردووە:” ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایانە، نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان و لە چوارچێوەی مادەی 140، داواکاری ڕەوای ئەم ناوچانە دەکات.

هەر بەپێی هەردوو مادەی 110 و 115 ی دەستوری عێراق بۆ ساڵی 2005، مافی ڕەها و تاک لایانە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات کێڵگە نەوت وگازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوەببات.

هەروەها مادەی 112، ئاماژە دەدات حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کێڵگەی نەوت وگازە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) بە هاوبەشی بەڕێوەببەن، وەک ئەوانەی لە کەرکووک و لە ناوچەکانی دەوروبەی هەن.

هەروەها بەغدا پابەند کراوە لە گەڵ هەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی داهاتی ئەو کێڵگە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) ڕێکبکەوێت.

لای خۆیەوە حکومەتی هەرێم بەردەوام ئامادە بووە بەشدار بێت بۆ ئەم ڕێککەوتنانە بەڵام حکومەتی فیدڕاڵی بە بەردەوامی لە بەرپرسیاریەتییە دەستووریەکانی خۆی دزیوەتەوە، و ئێستا حکومەتی فیدراڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت وگاز مۆر بکات بەبێ ئەوەی مادەکانی دەستوور بەگشتی و بەتایبەت هەردوو مادەی 140 و 112، لەبەرچاو بگرێت.

لە کۆتاییدا ڕاشیگەیاندووە، حکومەتی هەرێم بە مافی دەستووری خۆی دەزانێت، بە هەموو ڕێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەر بێ ، بەرگریی لە مافە دەستوورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافەدەستوریەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک.

Back to top button