هەژماری من و کۆمپانیای ڤیزا ڕێککەوتنێکی ستراتیجیان ئیمزا کرد
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت ، هەژماری من و کۆمپانیای ڤیزا ڕێککەوتنێکی ستراتیجیان بۆ پەرەپێدانی گشتگیری ئابووری ئیمزا کرد .
لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، پرۆژەی ‘هەژماری من’ ڕێکەوتنێکی ستراتیجی لەگەڵ کۆمپانیای ڤیزای جیهانی لە بواری پارەدانی دیجیتاڵی ئیمزا دەکات.
راشیگەیاندووە، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانجی پەرەپێدانی شێوازەکانی پارەدانی دیجیتاڵی و بەرەو پێشبردنی گشتگیری ئابووری لە ڕێگەی ئەنجامدانی چەندین کەمپەینی پەروەردەیی و هۆشیاری لە بارەی پارەدانی دیجیتاڵی و خزمەتگوزاریەکانی بانکی لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش هاوکاری فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات لەوەی کە بتوانن زیاتر پشتببەستن بە پارەدانی دیجیتاڵی لە کاروباری ڕۆژانەیاندا، ئەمەش بەوپێیەی کە بەمزووانە نزیکەی یەک ملیۆن هاووڵاتی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن.
هەر لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەشدا، کۆمپانیای ڤیزا بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری چەندین سیمینار و وۆرکشۆپێک بۆ سوودمەندانی پرۆژەکە ڕێکدەخات، سەبارەت بە سوودەکانی گشتگیری ئابووری و شیکردنەوەی باشترین ڕێگاکانی بەکارهێنان و سوودوەرگرتن لە پارەدانی دیجیتاڵی و سوود و خزمەتگوزاریەکانی بانکی، ئەمەش لەگەڵ دیدگای حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکدەگرێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی سیستەمێکی ئابووری مۆدێرن و پێشکەوتوو.
ماریۆ مەکاری، جێگری سەرۆک و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ڤیزا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی ئەم ڕێكکەوتنەوە ڕایگەیاند “هۆشیاری و گشتگیری ئابووری بناغەی بەهێزکردن و پەرەپێدانی ئابوورین.”
گوتیشی: لە رێگای هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە و بەردەستکردنی ئامرازی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە داراییەکانیان بە شێوازێکی کارا، دەتوانین بەردی بناغەی کۆمەڵگایەکی خۆڕاگر و بەهێز لەڕووی ئابووریەوە دابنێین.
ئاماژەی بەوەش دا، ڤیزا پابەندە بەو ڕۆڵە گرنگەی پێی دراوە لەو قۆناغەدا لە هەرێمی کوردستان، لە رێگای بەگەڕخستنی ئەزموونی کۆمپانیاکەمان لەسەرانسەری جیهان بۆ درووستکردنی ئابووریەکی دیجیتاڵی پارێزراو”.
ئەم هاوبەشییە پابەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ڤیزا دەربارەی هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەدان، لە رێگای کاش و ئاسانکردنی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری و سوودە بانکییەکان و بنیاتنانی ئابووریەکی دیجیتاڵی گشتگیر و بەهێز دەردەخات.
پرۆژەی هەژماری من، پرۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ بە بانکیکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران.