د. ڤیان سه‌بری: بەشداریكردنی مەسرور بارزانی لە كۆڕبەندی ‌داڤۆس، پێگەی هەرێمی كوردستان لە ئاستی دونیا بەهێز دەكات

د.ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی كاریزما له‌ ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت له‌ ناوچه‌كه‌ گەیشتە سویسرا، بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، کە ئەمساڵ بە دروشمی (هاریکاریی لەپێناو سەردەمی زیرەکدا) لە ڕۆژانی 20 – 24 /1 بەڕێوە دەچێت. سەرۆکی حکوومەت زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدات و دەرفەتەکانی برەودان بە هاریکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێناندا.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی خستەروو، كە جیاوازیی بەشدارییەكەی ئه‌م جاره‌ی سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ جاری رابردوو ئه‌وه‌یە، كه‌ گۆڕانكاریی گرنگ له‌ ناوچه‌كه‌ روویداوه،‌ شه‌ڕی غه‌ززه‌ و ئیسرائیل و نه‌مانی رژێمی سووریا و شه‌ڕی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و زۆر پرسی دیكه‌، به‌تایبه‌ت له‌ بابه‌تی وه‌به‌رهێنان و گرنگیدان به‌ بواری وه‌به‌رهێنان له‌ كوردستان باس ده‌كرێت.

ڤیان سەبری باسی لەوەش کرد: كوردستان به‌هۆی به‌شداریكردنی له‌ داڤۆس، دووباره‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی گه‌وره‌ی دیپلۆماسی له‌ جیهان، جیاله‌وه‌ش، به ‌ده‌ستپێشخه‌ریی سه‌رۆك وه‌زیران، ئەمساڵ بۆ دووەمین ساڵ (ماڵی کوردستان Kurdistan House) لە داڤۆس كرایەوە، کە ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت ئەو ماڵە كرابووەوە. تێیدا چەندین چالاکی بە بەشداریی ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و سەرمایەدار و خاوەنکارانی کوردستان ڕێک خراوە، كه‌ ئه‌مه‌ هه‌لێكی گرنگه‌ بۆ سه‌رمایه‌دار و خاوه‌ن كاری كوردستان، كه‌ له‌وێ دیداریان له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ سه‌رمایه‌دارانی جیهان هه‌بێت و بانگهێشتیان بكه‌ن بۆ كاری وه‌به‌رهێنان له‌ كوردستان. ئه‌م هه‌نگاوەی سه‌رۆك وه‌زیران، كوردستانی له‌ نه‌خشەی‌ وه‌به‌رهێنانی جیهان نزیك كردووه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌وه‌ لینكی په‌یوه‌ندیی دروستبوونی وه‌به‌رهێنه‌ری جیهان و ئاشناكردنیان به‌ كوردستان.

Back to top button