پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری لەسەر زێی خەبات دروست دەکرێت

قائیمقامی قەزای خەبات رایدەگەیەنێت، پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتوگوزار لەسەر زێی خەبات دروستدەکرێت و ناوچەکە دەبووژێنێتەوە و دەرفەتێکی زۆری کاریش بۆ خەڵکی ناوچەکە دەڕەخسێنێت و دەتوانین گەشتیارێکی زۆر بۆ خۆمان رابکێشین.

کوێستان ئەحمەد، قائیمقامی قەزای خەبات، رایگەیاند “بڕیارە پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتوگوزار لەسەر زێی خەبات دروست بکرێت، چەندین ساڵە ئێمە خەریکی ئەو پڕۆژەیەین کە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری زۆر و بووژانەوەی ناوچەکە زۆر پێویستە، ئێستا ڕێکارەکانی پڕۆژەکە لە قۆناغی کۆتایی دایە و چاوەڕێ دەکەین ڕێکارەکان تەواو بن و ڕایبگەینین، چونکە ئەو پڕۆژەیە لەڕووی وەبەرھێنانەوە بۆ خەبات زۆر پێویستە و سودێکی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەکە دەبێت”.

کوێستان ئەحمەد گوتیشی “پڕۆژەکە زۆر باش و گەورەیە، ھۆتێل، موتێل، شوێنی گەشتیاری، دوکان، بەلەم و کاری زۆر باش و جوان لەخۆ دەگرێت. بودجەیەکی زۆر باشیشی بۆ تەرخان دەکرێت”.

زیاتر روونیکردەوە “ئەو پڕۆژەیە زۆر گرینگە، چونکە خەبات رێگای ھەولێر و مووسڵ و دھۆک بەیەک دەگەیەنێت، بۆیە ئەو پڕۆژەیە تەواو بکرێت، خەڵک لەجیاتی ئەوەی بۆ گەشت بچن بۆ شوێنی دوور دێن بۆ ئەوسروشت و ئاوە جوانەی لە خەبات ھەیە، دەشبێتە دەرفەتێکی باش بۆ ئەوەی ھەلی کاری زۆر بۆ خەڵکی خۆمان بڕەخسێت.

Back to top button