بەشێك لە زەوییەكانی شاری هەولێر لە باج و رسوومات بەخشران
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری دا، لە سەرجەم باج و ڕسوماتەكانی بەناوكردنی زەوییەكانی گردجووتیار خۆشبێت.
سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند: “له پێناو پاراستنى ماف و بەرجەستەكردنى عەدالەت له نێوان هاووڵاتيانى خاوەن ماف له كەرتی گردجووتيار و زياتر خزمەتكردنيان، له هەنگاوێكى كردارى دڵخۆشكەرانەدا و لەبەر ڕۆشنايى بڕيارى نووسينگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی شارەوانى و گەشتوگوزار بڕیاریدا بە لێخۆشبوون له سەرجەم باج و ڕسوماتەکانی تۆمارکردن (بەناوكردن) لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە له كاتى تۆماركردنى زەوییەكانيان، كە وەک قەرەبوو بۆیان دياريكراوه.”
بۆ ئەو مەبەستەش، سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، كە “ئاگادارى خاوەن زەويیەكانى ژمارە (15 تاوەکوو 1150 و 2571 تاوەکوو 3498) لە کەرتی گردجووتیار دەكەينەوە ئەوانەی تاوەكوو ئێستا مامەڵەی خۆماڵەكردنيان ئەنجام نەداوه سەردانی دادگەى بەرايى هەولێر/6 ياخود سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بكەن بەمەبەستی وەرگرتنى زانيارى و وەرگرتنى پسولەی پێڕاگەیاندن.”