ڕاگەیاندراوێك له مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك _ گەرمیانى پارتییهوه
له ڕاگەیاندراوێكی مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك _ گەرمیانى پارتییهوه، كه ئهمڕۆ (پێنجشهممه 23ى 1ى 2025) دهرچووه، هاتووه: “بڕیاری دادگای کارگێڕیی عێراقی ژمارە (118/2025) لە بەرواری 22/1/2025، بەڕەتكردنەوەی تانەكان لە ڕێکارەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک و پارێزگاری کەرکوک لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، بەبێ ئاگادارکردنەوەی بەشێك لە ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لە شوێن و کاتی کۆبوونەوەکە، فەسڵێكی دیكە لە خراپ سوودوەرگرتن لە پێگەی دادگاكان لەپرۆسەی دیموكراسی و دەستوریی عێراقدا پێك دێنێت بۆ مەبەست و بەرژەوەندیی تایبەتی ئەم یان ئەو لایەنی سیاسی، هەروەها بێ گوێدانە پیرۆزیی وەزیفەی دادگا و بەرژەوەندیی گشتی و هەستیاری بارودۆخی سیاسی لە عێراقدا”.
مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك _ گەرمیانى پارتی، پێیوایه، ئەم بڕیارە پێشێلکاریەکی ڕوونی بنەماکانی دادپەروەری و سەروەریی دەستور و یاسا پێکدەهێنێت، هەروەها پێشێلکردنی ئەو ڕێکارە یاساییانەیە کە گەرەنتیی شەفافیەت و بەشداریکردنی کاریگەرانە لە پڕۆسەی دیموکراسیدا دەکەن. ئەوە سەرەڕای ئەوەی پەراوێزخستنی ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەن لە بەشداری كردن لەبڕیاردان لەچارەنووسی پۆستە گرنگ و هەستیارەكانی پارێزگاكەیان، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی ڕوونە بۆ پەراوێزخستنی بەشێك لە پێکهاتەکانی پارێزگاکە و سەپاندنی ئیرادەی سیاسی تاکلایەنە و سەرپێچیەكی زەقی (بڕگەی چوارەم لە ماددەی 35) یاسای هەڵبژاردنەكان ژمارە 12 ساڵی 2018 هەمواركراو و ماددەكانی یاسای پارێزگاكانی لە هەرێمێكدا ڕێكنەخراون ژمارە 21 ساڵی 2008 هەمواركراوە.
جهختیش دهكهنهوه، ئهوان لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم بڕیارە بە پێشهاتێکی مەترسیدار دەزانن کە هەڕەشە لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكانی کەرکووک دەکات، “هەروەها دەبینین كە گورزێكی توند لە متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە دادوەرییەکان دەدات و هەستی نادادپەروەری و جیاکاری بەهێز دەکات، ئەمەش مامەڵەی جددی و بەرپرسانەی هەموو لایەکی دەوێت”.
ههر لهو ڕاگهیاندراوهدا، ئهوهش دهخرێته ڕوو كه، “کەرکووک مۆدێلی فرەچەشنی نەتەوەیی و ئاینییە، هەر ڕێوشوێنێک بە پشتگوێخستنی شەراکەتی ڕاستەقینەی نێوان هەموو پێکهاتەکانی و بەبێ ڕێزگرتن لە چوارچێوە یاسایی و دەستوورییەکان بگردرێتەبەر، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پارێزگاکەدا. لەم سۆنگەیەوە، داوا لە دامەزراوە قەزاییە پەیوەندارەكان دەكەین كە دەرفەتی چاوخشاندنەوە بەو بڕیارە نادادپەروەرانەیە لەدەست نەدەن، و یاسا و دادپەروەری جێبەجێ بكەن و ئەو هەڵوێستە چەوتە ڕاست بكەنەوە. بەرپرسیارێتی خۆیان لە دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵکی کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بگرنە ئەستۆ، بۆ مسۆگەركردنی پابەندبوون بە بنەماکانی دەستوور کە مافی یەکسان بۆ هەمووان دەستەبەر دەکات”.
لە کۆتایی ڕاگهیاندراوهكهدا، دووپاتی دەکەنەوە کە “پارتی دیموکراتی کوردستان وەک داكۆكیكاری شەراکەتی نیشتمانی ڕاستەقینە دەمێنێتەوە، و درێغی ناکات لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی پارێزگای كەركوك بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و بەشداریی و شەراكەتی راستەقینە لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان لە ژیانی كەركوكیەكان بەبێ دەستێوەردانی نایاساییانە و پێشێلكردنی بنەماكانی دەستور، بۆیە بەئەركی خۆمانی دەزانین كە دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی ناڕەزایەتیەكان لەبەرامبەر ئەو بڕیارە و پشتگیری تەواوی سەرجەم ڕێكارە یاسایی و دەستورییەكان بكەین لەپێناو راستكردنەوەی ئەو هەڵەیە و هەڵگرتنی ئەو زوڵمەی لە ئیرادەی دەنگدەرانی پارێزگاكە دەكرێت”.