رۆژنامەی (ئەلعەرەب): جووڵە دیبلۆماسییەکانی مەسرور بارزانی، پرسە گرنگەکانی کوردستان دەخاتە سەر نەخشەی سەرنجی نێودەوڵەتی
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی رابردوودا چەندین گەشتی دیپلۆماسیی گرنگی ئەنجام داوە. ئەو گەشتانە بریتیبوون لە سەردانی ئەنقەرە، ئەبووزەبی و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس. رۆژنامەی (ئەلعەرەب)، لەمبارەوە لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوە داوە، جموجۆڵی چالاکانەی مەسرور بارزانی، پرسە گرنگەکانی کوردستان دەخاتە سەر نەخشەی سەرنجی نێودەوڵەتی.
لە راپۆرتێكی رۆژنامەكەدا هاتووە، ئەو هەوڵانەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەکاتێکدایە، کە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی گەورە بووەتەوە، مەسرور بارزانی هەوڵی داوە لە رێگەی ئەو دیدار و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییانەوە، پشتگیریی بۆ مافە دەستوورییەکانی هەرێمی كوردستان کۆ بکاتەوە و فشار بخاتە سەر بەغدا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان و دابینکردنی مافە داراییەکانی هەرێم.
بەپێی شیكاریی رۆژنامەكە، جموجۆڵی چڕوپڕی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ئەنقەرەوە بۆ داڤۆس و لە رێگەدا سەردانی ئەبووزەبی و عەمانیشی کرد، نیشاندەری فراوانبوونی تۆڕی پەیوەندییەکانی هەرێمی كوردستانە لە ناوچەکە و له جیهاندا. هەروەها ئەمە چالاکیی دیپلۆماسی و توانای سەرکردایەتیی هەرێمی كوردستانی دەرخستووە لە گەیاندنی دەنگی خۆی بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی و روونکردنەوەی کێشەکانی بۆ کاریگەرترین ئەکتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بە تێپەڕاندنی ئەو فشارانەی کە لە ناوخۆدا لەلایەن هاوبەشەکانییەوە لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە دەخرێنە سەری.
هەر بەپێی راپۆرتی رۆژنامەكە، بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکانی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی سویسرا، دەرفەتێکی رەخساندووە بۆ خستنەڕووی دیدگاکانی سەرکردایەتیی هەرێمی كوردستان و کێشە هەنووکەییەکانی بۆ کۆمەڵێکی فراوان لە سەرکردە و بەرپرسە بەرزەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بەم شێوەیە، پێگەی هەرێمی كوردستانی وەک هاوبەشێکی سەرەکی بۆ ئەو دەوڵەت و دەزگایانەی، کە نوێنەرایەتییان دەکەن، پتەوتر کردووە.
هەر بەپێی شیكاری رۆژنامە عەرەبییەكە، بەشداریکردنی مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییە ئابوورییەكەی داڤۆس، درێژەپێدانی جموجۆڵێکی فراوانتر بوو، کە بارزانی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەستی پێکردبوو. لەو سەردانهیدا گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجام دابوو. دواتر بەرەو ئەبووزەبیی پایتەختی ئیمارات رۆیشت و لەوێ چاوی بە شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات کەوت. لهوێ چەندین پرس و بابەتی هاوبەشیان تاوتوێ کرد. پاشان سەردانی عەمانی پایتەختی ئوردونی کرد و لەوێش لەگەڵ شا عەبدوڵای دووهم، شای ئوردون کۆ بووەوە و کۆمەڵێک پرسی دووقۆڵی و هەرێمییان، گفتوگۆ کرد.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی نێودەوڵەتی و هەرێمی ئەنجام دا، لەوانە ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان، جان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئەندرێ پلێنکۆڤیچ، سەرۆک وەزیرانی کرواتیا، شازادە حوسێن، جێنشینی شای ئوردون و كوڕی شا عهبدوڵاى دووهم، جەواد زەریف، یاریدەدەری سەرۆکی ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی و ئەحمەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا.
هەر بەپێی شیكاریی رۆژنامەكە، چالاکیی چڕوپڕی مەسرور بارزانی، گرنگی تایبەتی هەبوو، بەهۆی سروشتی ئەو قۆناغەی کە هەرێمی کوردستان تێیدا تێدەپەڕێت.
ئەم قۆناغە بە توندبوونەوەی فشارەکان لەلایەن هێزە سیاسییە زاڵەکانی دەوڵەتی عێراقەوە دەناسرێتەوە، کە کێشە ئابووری و داراییەکانیان کردووە بە ئامرازێک بۆ پاكتاوکردنی حیساباتی سیاسی لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی كوردستان كە ئەمەش لە رێگەی وروژاندنی کێشەکان سەبارەت بە پشکی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی و ئەو پارەیەی کە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی تەرخان کراون.