سەركردەیەكی رۆژئاوای كوردستان: بەبێ سەرۆك بارزانی، ئەستەمە مافی كورد لە هیچ كوێیەك وەدەست بێت

رامان مەحموود مه‌لا، نوێنەری پارتی چەپی كوردستان لە نێو ئەنەكەسە رایگەیاند، رێبازی بارزانی نه‌مر و خۆشه‌ویستیی كوردستانییانی سووریا بۆ باوكی نه‌ته‌وه‌یی كورد بارزانیی نه‌مر و بۆ سه‌رۆك بارزانی و بۆ خه‌ڵكی كورد له‌ باشووری كوردستان بابه‌تێكی رۆحییه. كاتێك شۆڕشی ئه‌یلوول ده‌ستی پێكرد، كوردانی رۆژئاوا له‌ شۆڕش به‌شدار بوون و شه‌هیدمان دا،‌ ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی كۆنه‌ و تازه‌ نیە‌، بنه‌ماڵه‌ی بارزان و سه‌رۆك بارزانی له‌لایه‌ن خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان وه‌ك سیمبولی كوردایه‌تی ده‌بینرێن و نوێنه‌ری هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستانن، سه‌رۆك بارزانی به‌رگریكاری گه‌لی كوردستانه‌، به‌بێ سه‌رۆك بارزانی ئاسته‌مه‌ مافەكانی گه‌لی كوردستان لە هەر شوێنێك بێ به‌ده‌ست بێت.

روونیشی كردەوە: هه‌ڵویستی سه‌رۆك بارزانی هەرگیز له‌بیر ناكرێت، كە له ‌كاتێكی سەخت و دژواردا ده‌رگای سنووری باشووری كوردستانی بۆ رۆژئاوای كوردستان كردەوە‌ و هاوكاریی پزیشكی و مرۆیی پێشكه‌ش كردن. جیا له‌وه‌ش، هه‌ڵوێستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان به ‌بڕیاری سه‌رۆك بارزانی له‌بیر ناكه‌ین، كه‌ سنووری سێ ده‌وڵه‌تیان بڕی بۆ ئه‌وه‌ی بچنە‌ كۆبانێ شه‌ڕی بەرگری لەو شارە بكەن و كۆبانێ لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار بكەن، لەوێ خوێنی پێشمه‌رگه‌ی رۆژئاوا و باشووری كوردستان تێكه‌ڵ بووه و‌ په‌یوه‌ندیی دێرین له‌نێوانماندا هه‌یه‌.

ئه‌وه‌شی خسته ‌روو: خه‌ڵكی رۆژئاوای کوردستان هەرگیز ساڵی 1996 له‌بیر ناكەن، كه‌ سه‌رۆك بارزانی هاته‌ قامشلۆ، به‌ سه‌دان هه‌زار كه‌س پێشوازییان لێی كرد، ئه‌و په‌یوەندییه‌ مێژووییه‌ی نێوان سه‌رۆك و رۆژئاوای كوردستان هه‌یه‌ پۆڵایینه‌ و به‌هیچ هێزێك ناله‌رزێت، سه‌رۆك بارزانی له‌ هه‌موو دۆخێكدا به‌رگری له‌ شه‌ره‌ف و ماف و به‌های گه‌وره‌ی كوردایه‌تی كردووه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان، سه‌رۆك بارزانی گرێ دراوه‌ به ‌پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، بۆیه‌ كوردانی سووریا زۆر رێزی سه‌رۆك بارزانییان لا هه‌یه‌ و گرێدراون به‌و رێبازه‌وه‌.

ئه‌وه‌شی روون كرده‌وه‌، كه‌ كاردانه‌وه‌ بۆ دیداری سه‌رۆك بارزانی له ‌كه‌ناڵی (شه‌مس) كاریگه‌ریی زۆر بوو له‌سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، خه‌ڵك به ‌ئاڵای كوردستانه‌وه‌ كه‌وتنه‌ كۆڵانه‌كان و به‌ ده‌نگێكی به‌رز بانگه‌وازی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ن، كه‌ به‌زووترین كات سه‌ردانی قامشلۆ و شاره‌ كوردییه‌كان بكات، خه‌ڵكی زۆر دڵخۆش بوون به‌و چاوپێكه‌وتنه‌ و چاوه‌ڕوانن له‌نزیكترین كاتدا سه‌رۆك بارزانی بێته‌ رۆژئاوا و ئه‌م جاره‌ له‌جاران زیاتر خه‌ڵك به‌ سه‌دان هه‌زار لە پێشوازیی سه‌رۆك ئاماده‌ ده‌بن.

Back to top button