لیژنەی فەتوای هەرێمی كوردستان، دوو فەتوای نوێی بڵاو كردەوە

لیژنەی فەتوای هەرێمی كوردستان، دوو فەتوای نوێی بڵاو كردەوە و رایدەگەیێنێت،” وەرگرتنی كرێی دەڵاڵی زیاتر لە هەقی خۆی حەرامە، لەبارەی پاشگەزبوونەوەش لە مامەڵە فەتوا دەرچوو.

لە راگەیاندراوێکدا لیژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ” دوای ئەوەی ژمارەیەك لە خاوەن نووسینگەكانی خانووبەرە، پرسیاریان كرد لەبارەی ئەوەی كە هەندێك لە نووسینگەكان كرێی دەڵاڵیی زیاتر لە ئەندازەی یاسایی لە كڕیار و فرۆشیار وەردەگرن، یان جاری وا هەیە لەگەڵ لایەنێك یان چەند لایەنێك ڕێكدەكەون و لەسەر حیسابی لایەنی بەرانبەر، پارەیەكی زیاتر وەردەگرن، دروست نییە كرێی دەڵاڵی زیاتر لە ڕێژەی یاسایی لە كڕیار یان فرۆشیار وەربگیرێت، بە پێچەوانەوە ئەو ڕێژە زیادەیە حەرام دەبێت، چونكە پابەندبوون بە یاسا بەركارەكان بەمەرجێك پێچەوانەی شەرع نەبن و قازانجی گشتی بەدی بهێنن، واجبێكی شەرعییە.

باسی لەوەشکردووە، دروست نییە لەسەر حیسابی لایەنی بەرانبەر پارەیەكی زیاتر وەربگیرێت، لەبەرئەوەی ئەوە دەبێتە غەش و خیانەتكردن، مەگەر ئەو كارە بەبێ ئیحراجكردن و بە ڕەزامەندیی هەردوو لایەن بێت، هەروەها وا باشترە كرێی دەڵاڵی تەنیا لەلایەنی كڕیار وەربگیرێ، لەبەرئەوەی هەندێك لە زانایان دەفەرموون: وەرگرتنی كرێی دەڵاڵی دروست نییە لە كەسی (فرۆشیار) وەربگیرێت، مەگەر بە ئارەزووی خۆی بێت ئەوكات ئاساییە.

هەورەها لە فەتوایەكی تر ئەو ئەنجومەنە دەڵێ، ژمارەیەك لە خاوەن نووسینگەكانی خانووبەرە پرسیاریان كرد لەبارەی ئەوەی كە لە دەقی قەواڵەی گرێبەستی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، بووەتە عورفی نووسینگەكان مەرجی ئەوە دەنووسرێت كە هەر یەكێك لە كڕیار یان فرۆشیار پەشیمان بێتەوە، دەبێت بڕێك پارە بدات بە لایەنی بەرانبەری، ئایا وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە دروستە؟، لە كاتێكدا ڕەنگە (جاری وا هەیە) هەردوو لایەن دوای پەشیمانبوونەوە بەڕەزامەندیی خۆیان ئەو بڕە پارەیە دەدەن بە بەرانبەرەكەیان؟

لە وەڵامدا لیژنەی فەتوای ئەنجومەنەكە دەڵێ، دانانی ئەو مەرجە لە مامەڵەكاندا دروست نییە، وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەش بەرانبەر بە پەشیمانبوونەوە دروست نییە و دەچێتە خانەی خواردنی ماڵی خەڵك بە بەتاڵ و بێ بەرانبەر، باش ئەوەیە مرۆڤ لە مامەڵەكردندا لێبوردە بێت و بەبێ بەرانبەر و لەبەر ڕەزامەندیی خودا چاوپۆشی بكات لە بەرانبەرەكەی ئەگەر پەشیمان بووەوە.

دەشڵێت، ئەگەر لایەنێك سوور بوو لەسەر ڕواندنی مامەڵەكە و وەرگرتنی ئەوە بڕە پارەیە، دەرچەی شەرعی ئەوەیە سەر لەنوێ كڕیارەكە بە فرۆشیارەكەی بفرۆشێتەوە بەكەمتر یان زیاتر یان بە پێچەوانەوە.

لە کۆتایشدا ئاماژە بەوە كراوە، لە كاتی پەشیمانبوونەوەی كڕیار یان فرۆشیار و قبووڵكردنی پەشیمانبوونەوەكە، دروستە نووسینگەكە كرێی دەڵاڵی وەربگرێت، مەگەر پەشیمانبوونەوەكە لە مەجلیسی مامەڵەكەدا بێ یان مەرجی پەشیمانبوونەوەیان لە نێوانیاندا دیاری كردبوو بە كەمتر لە سێ ڕۆژ پەشیمانیش بوونەوە، لەو كاتەدا نابێت كرێی دەڵاڵی وەربگیرێت.

Back to top button