یهكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان وهڵامێكی توندی موفتی عێراق دهداتهوه لهسهر ئاڵای كوردستان.
خواكوڕك
یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان راگەیەندراوێك لەبارەی لێدوانێكی موفتی عێراق دەربارەی ئاڵای كوردستان لەكەركوك بڵاو دهكاتهوه و وهڵامێكی توندی دهداتهوه دهڵێت” واز لەو دەستەواژە ئازاربەخشانە بهێنن.
ئەمڕۆ دوشەممە 3/4/2017 یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا وەڵامی موفتی عێراقی دایەوە كە لە لێدوانێكیدا دژایەتی خۆی بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان دەربڕی بوو لەشاری كەركوك، یهكیتی زانایان ڕایدهگهێنێت”چاوەڕوان بووین لەم جۆرە دەزگا ئایینیانە ببنە هاریكاری چاكسازی و گەشە بە گیانی برایەتی بدەن، نەك ببنە دەست كەلا بە دەستی ئەوانەی فیتنەو ئاژاوە دێننەوەو گیانی رق بڵاودەكەنەوە، دواجار دەبێتە مایەی خوێنرشتن.
دەقی ڕاگهیاندراوهكهی یهكیتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان:-
چاوەڕوان نەكراو بوو كە گوێبیستی لێدوانەكەی (دكتۆر مەهدی سمێدعی) موفتی كۆماری عێراق بووین، كە لە رۆژی (2/4/2017) دەریكردو، داوا لە گەلی كورد دەكات لە خوا بترسن و ئاڵای عێراق لە شاری كەركوك بەرز بكەنەوە، بە پێچەوانەوە گەلی كوردو حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارن لەو دەرەنجامە سەلبی و نەرێنیانەی دروست دەبن بەهۆی بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لەشاری كەركوك.
بەڕاستی مایەی نیگەرانی و بێئومێدییە موفتی عێراق خۆیی و دەزگاكەی بخاتە ناو ململانێ سیاسییەكان، چونكە ئەم بابەتە بابەتێكی یاسایی و دەستووریەو پەیوەندی بە فەتواوە نییە، هەمووانیش لە ساڵانی رابردوودا ئەو دەرەنجامە كاولكاریانەمان بینین كە بەهۆی تێكەڵكردنی فەتوای ئایینی لەگەڵ بابەتە سیاسی و ململانێ تائیفی و دەمارگیری مەزەبی دروست بوون و، هەرچی بەڵاو ناسۆرییە بەسەر عێراقی نوێیان هێناو تا ئێستاش هەر بە دەستییەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی ئەو ناوچانە بە پێی دەستووری عێراق ناوچەی جێناكۆكن، بۆیە ئاساییە ئاڵای كوردستانیش شان بە شانی ئاڵای عێراق بەرز بكرێتەوە، هیوادارین جەنابی موفتی واز لەم دەستەواژە ئازاربەخشانە بێنێت كە بۆشایی زیاتر لە نێوان پێكهاتەكانی عێراق دروست دەكات و لەمپەر لە پێش هەوڵەكانی چاكسازی دادەنێت، چونكە چاوەڕوان بووین لەم جۆرە دەزگا ئایینیانە ببنە هاریكاری چاكسازی و گەشە بە گیانی برایەتی بدەن، نەك ببنە دەست كەلا بە دەستی ئەوانەی فیتنەو ئاژاوە دێننەوەو گیانی رق بڵاودەكەنەوە، دواجار دەبێتە مایەی خوێنرشتن.
یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان
3/4/2017