سکرتێری پێشووی جەلال تاڵەبانی: گروپێک بەناوی مامۆستاوە بۆ ئەجیندای دەرەوەی سنووری کوردستان بەکاریان دەهێنرێن

سکرتێری پێشووی جەلال تاڵەبانی نهێنییەکی بەکارهێنانی مامۆستایان لەلایەن حزبێک لە سلێمانی بۆ ئەجێندای خۆی ئاشکرا دەکات و دەڵێ:” گروپێک بەناوی مامۆستاوە بۆ ئەجیندای دەرەوەی سنووری کوردستان بەکاریان دەهێنرێ و حزبێکی سلێمانی بۆ شاردنەوەی دروشمە قەبەکانی هەڵبژاردن ئەم بەزمەی لە سنووری قەلەمڕەویەکەی ناوەتەوە.

بەختیار تاڵەبانی سکرتێری پێشووی جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: لە راستیدا بابەتەکە ئەوەندەی پێوەندی بەو ململانێیە قێزەوەنەی ناوخۆ لەلایەک و مەلملانێی سیاسی نێوان بەغدا لە هەولێر بەتایبەتی لە لایەکی دیکەوە هەیە ، ئەوەندە پێوەندی بە ماف و داخوازیەکانی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستانەوە نیە بەڵام وەک عەرەب دەڵێ ، ئەمەی لە سلێمانی دەگوزەرێ ، دیارە مەبەستم خەڵکە دڵسۆز و راستگۆ و سادەکە نیە کە لە بەرائەتی خۆیانەوە دوای ئەو قەرەباڵەغیە کەوتوون ؛ پێی دەگوترێت (كلمة حق يراد بها باطل) ، واتا داوایەکی هەق بەڵام بۆ مەرامێکی ناهەق ئەو خەڵکە بەکاردێنن .

دەشڵێت:” پێموانیە کەس لەگەڵ خۆشگوزەرانی خۆی نەبێت ، کەس پێیناخۆش بێت باشترین خزمەتگوزاری هەبێت و هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا لەبەرانبەر ئەرکەکەی پاداشت بکرێت ، بەڵام گۆڕینی ئاراستەی ئەو دواکاریانە لە جەللاد و بۆ قوربانی ، ئائەمەیە دەڵێین بۆ مەرام و ئەجیندایەکی دیکەیە ، لەگەڵ ئەوپەڕی حورمەتم بۆ هەندێکیان کە بەڕاستگۆیی و دڵسۆزانە لەو شوێنەدا دەبینرێن .

گوتیشی:” بەداخەوە گروپێک کە بەناوی پیرۆزی مامۆستاوە بۆ ئەجیندای دەرەوەی سنووری کوردستان بەکاریان دەهێنن ، چونکە ئەو دروشمانە و ئەو ماکینە زەبەلاحە میدیاییەی حیزبێکی دیاریکراو لەناوخۆ و هاوپەیمانەکانی لە بەغدا کە هاوتەریپی رووداوەکەیە ، پێمان دەڵێت ئەو مانگرتنە لەدوو مەبەست تێناپەڕێ ، یەکەمیان / ئەو حیزبەی کە پێش هەڵبژاردن دروشمی قەبە و گەورەی ، لە رووخان و گۆڕان و تێکدان و تەوتین و هتد هەڵگرتبوو و ئێستاش بۆ پێکهێنانی کابینە ناچارکراوە بە کەمترینی رازیبێت ، ئەم بەزمەی بۆ لەبیربردنەوەی خەڵکی قەڵەمڕەوەکەی ناوەتەوە ، دوو / بۆنەیەکیشە بۆ نماییش و خۆبادان و دروستکردنی کاندیدە بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق ، بەداخەوە وەک هەمیشە بەسواری کۆڵی ئەو خەڵکە بەشمەینەتە کە خودی دەسەڵاتدارانی ئەو قەڵەمڕەوە هەناسەیان لێبڕیون ، کۆمەڵە مفەتەخۆر و نەکیرەیەک بەرهەمەکەی دەچننەوە و هەموو جارێکێش لەبەر خۆیان دیڵێنەوە گەر جارێک و دووجار هەڵتانخەڵەتاندین خوا بتانگرێ وەڵڵای کە بوو بەسێ خوا خۆمان بگرێ بەڵام دواجاریش هەر پەنجەیان بۆ دەکەنە مەرەکەبەکەوە !

Back to top button