پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان لە سلێمانی : خۆپیشاندانەکەی سلێمانی بەڕەزامەندی یەکێتییە و بەڕەزامەندی یەکێتی کۆتایی دێت

پەیمان عزەدین پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە سلێمانی ئاشکرای دەکات :” خۆپیشاندانەکەی سلێمانی بەڕەزامەندی یەکێتییە و بەڕەزامەندی یەکێتی کۆتایی دێت و گەر خۆپیشاندان بەبێ ڕەزامەندی یەکێتی بێت تووشی هێزی دەمامکدار و چەک و ئەشکەنجە و ئازار ئەبنەوە
پەیمان عیزەدین پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان لە پۆستێدا دوێنێ دووشەممە بڵاویکردەوە و نووسیوویەتی ” ئەمڕۆ وەک سەدان خەڵکی تر لە سلێمانی ، بەشداری خۆپیشاندانم کرد لەگەڵ ئەوەی ئەشزانم بەشێک لە مامۆستایانی مانگرتوو و مامۆستایانی ناڕازی یەکێتین” .
دەشڵێت” خۆپیشاندەرانی سلێمانی بە ڕەزامەندی یەکێتی ناڕەزایەتی دەردەبڕن و هەر بە ڕەزامەندی یەکێتیش کوێری ئەکەنەوە”.
باسی لەوەشکردووە:” هەر جۆرە خۆپیشاندانێک بە رەزامەندی یەکێتی ئەنجامدرابێت لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆ کارئاسانییان بۆ دەکرێت و بەپێچەوانەشەوە خۆپیشاندەران لەلایەن هێزی دەمامکدار و جل ڕەش و سەیارە و چەکی تۆقێنەرسەرکوت دەکرێن”.
دەقی پۆستەکەی پەیمان عیزەدین:
بەدرێژایی ئەم دە ساڵەی پێشوو لە زۆرینەی خۆپیشاندانەکاندا هەبوم ، دە ساڵە لە سلێمانیدا دوو جۆر خۆپیشاندان هەبووە ، خۆپیشاندانێک لەدەرەوەی ئیرادەی حیزب و بەردەوام ڕوبەڕوبونەوەی تیابووە، خەڵکی تیا دەستگیرکراوە و ئازار دراوە .
خۆپیشاندانێکیش یەکێتی بەگەڕی خستوە بۆ دەستبادانی پارتی بووە. ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەی یەکێتی ئەیجوڵێنێ پێش پێکهێنانی هەر کابینەیەک ، دروستبونی هەرناکۆکیەک لەگەڵ پارتی، ئەوا خۆپیشاندانێک بووە کە وەرگرتنی ڕەزامەندی نەویستووە ، پۆلیسی هاتوچۆ و چالاکیە مەدەنیەکان ڕێگا ئەکەنەوە و ئارامی ئەپارێزن.
هەر کاتێکیش لەدەرەوەی خواستی یەکێتی خۆپیشاندان کرابێ ،هێزی دەمامکدار و جل ڕەش و سەیارە و چەکی تۆقێنەر لە خۆپیشاندەران زیاتربون ، کۆڵانەو کۆڵان ڕاونراوین ، بەغازی فرمێسک ڕێژ و بیبەر و چەندین شێوازی تر ڕوبەڕومان وەستاونەتەوە.
ئەمەی ئەمجارە بۆ دەستبادانی پارتیە و مەعلومە ، لە دنیاشدا زۆر ڕویداوە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بەو جۆرە کۆتایی نەهاتووە کە بڕیاری لەسەر دراوە.
گرنگ ئەوەیە چۆن کۆتایی بە قۆرخکردنی ناڕەزایەتیەکان بهێنرێ لەلایەن یەکێتیەوە ؟ چۆن بچینە دەرەوەی بازنەی خراپ بەکارهێنانی گیانی ڕوبەڕوبونەوە و تێکۆشان بەخزمەتی بەرژەوەندیەکانی یەکێتی ؟