وریا حەمەكەریم: بەرپرسێك هەڕەشەی لێ كردووم و گوتوویەتی دەرناچم لە هەڵەبجە هەتا نەیانكوژم

وریا حەمەكەریم دوو مانگ لەمەوبەر و لە لێدوانێكیدا ئاشكرای دەكات كە هەڕەشەی كوشتن لە خۆی و چوار چالاكوانی دیكە كراوە و ئەو بەرپرسەی هەڕەشەكەی كردووە، گوتوویەتی لە هەڵەبجە دەرناچم هەتاوەكوو نەیانكوژم.

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی 2ی 2025، هەواڵی گیان لەدەستدانی رۆژنامەنووس وریا حەمەكەریم بڵاو كرایەوە كە لە كەناڵی (NRT) كار دەكات و راگەیاندرا كە بەهۆی پێكدادانی ئۆتۆمبێلەكەی لەگەڵ بارهەڵگرێك لە ڕێگەی نێوان عەربەت – سلێمانی، گیانی لەدەست داوە.

بەپێی زانیارییەکانی دەست دەزگایی میدیایی خواکوڕک کەوتووە، رۆژی 16ی 12ی 2024، وریا حەمەكەریم لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لێدوانی بۆ (رادیۆی گۆڕان) داوە و تێیدا باسی لەوە كردووە كە ئەو ماوەی 16 ساڵە كاری رۆژنامەوانی دەكات، لە ساڵی 2012ەوە تا ئێستا بە بەردەوامی چاومان لەسەر ئەوە بووە كە گەندەڵی و بە هەدەردانی موڵكی گشتی لە هەڵەبجە و شارەزوور ئاشكرا بكەین.

ئەوڕۆژنامەنووسە روونیشی كردۆتەوە: لەم چەند ساڵەی رابردوودا، بە تایبەتی لە 2016 تا 2020، ئێمە پێنج كەس بووین، بەشێك لەم پێنج كەسە لە ڕێگەی كاری ڕێكخراوەییەوە بەدواداچوونیان دەكرد، منیش لە ڕێگەی ڕۆژنامەوانییەوە. ئەمەی ئێمە لە لایەن بەرپرسێكەوە (وریا حەمەكەریم لە لێدوانەكە ناوی بەرپرسەكە و پۆستەكەی هێناوە، بەڵام باسنیوز لەبەر بەرپرسیارێتیی یاسایی ناوەكەی ناهێنێت) هەزم نەكرا، پەنای برد بۆ چەند ڕێگەیەك، پێمان خۆشبوو كە پەنا بۆ دادگا ببرێت، لە رابردوو چەند دۆسیەیەك لە دادگاكان لە دژی ئێمە كرایەوە، بەڵام ئەم دۆسیانەی كردمان، بەرپرسەكە هەڕەشەی كوشتنی لێ كردین. راستەوخۆ رووبەڕووی خۆمان هەڕەشەكەی نەكردووە، بەڵام لای چەند كەسێكی ترەوە هەڕەشەكەی كردووە. بە دیاریكراوی ناوی یەك بە یەكمانی هێناوە و دەڵێ دەرناچم لە هەڵەبجە هەتا نەیانكوژم.

جەختیشی كردۆتەوە كە دەنگەكەی ریكۆرد كراوە و گەیشتۆتە دەستی ئێمە. ئەمە هەڕەشەیەكی راستەوخۆ و مەترسیدارە كە لە لایەن بەرپرسێكەوە لە كۆمەڵێك كەس دەكرێت، ئێمە هاووڵاتییەكی ئەم شارەین، لە پای چی هەڕەشەی كوشتنمان لێ بكرێت؟

وریا حەمەكەریم لەم لێدوانە گازاندەی لەوە كردووە كە تاوەكوو ئێستا دۆسیەكەیان یەكلا نەكراوەتەوە و باسی ئەوەشی كردووە كە لە كاتێكدا دەبوایە لە ناوەڕاستی مانگی 12ی ساڵی 2024 بڕیار لەسەر سكاڵاكەیان بدرێت و سزای هەڕەشەكەرەكە بدرێت، كەچی دادگای سلێمانی داوای كردووە دۆسیەكە بۆ ئەوان بگوازرێتەوە.

لە كۆتاییشدا نووسیویەتی: بەعس لەسەر كوردبوون باوكمی كوشت، ئێستا بەرپرسانی یەكێتی هەمان هەڕەشە لە من دەكەن.

https://t.me/Xwakurk2/34700

 

Back to top button