یوسف كیلابی به‌ دۆسیه‌ی تیرۆر و گه‌نده‌ڵی و خیانه‌ت تۆمه‌تباره‌ و ده‌یه‌وێت پشێوی له‌ هه‌رێم دروست بكات

میدیاكانی عێراق بڵاویانکردەوە، یوسف كیلابی، پەرلەمانتاری شۆڤێنی عێراق، به‌ چه‌ندین دۆسیه‌ی كوشتن و گه‌نده‌ڵی و خیانه‌ت له‌لایه‌ن دادگاكانی عێراقه‌وه‌ تۆمه‌تباره‌ و له‌ په‌نای په‌رله‌مانتارییه‌وه‌ ده‌یه‌وێت خۆی له‌و دۆسیانه‌ رزگار بكات.

میدیاكانی عێراقی بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ یوسف كیلابی، تۆمه‌تباره‌ به‌ هه‌ره‌شه‌كردن به‌كوشتنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای واست و هاوكات پێشتر بەڵێنی ئەوەشی پێداون كە ئەگەر بیكەن بە پارێزگار، ئەوا ئامادەیە 15 ملیار دینار بەرتیل بدات.

لە ماوەی رابردوودا پێگەی (سۆمەریە نیوز) لە هەواڵێكدا ناوەڕۆكی سكاڵایەكی محەمەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری واستی بڵاوكردەوە كە ئاراستەی فەرمانگەی داواكاری گشتی عێراقی كردووە و تێیدا ئاشكرای كردووە، یوسف كیلابی، پەرلەمانتاری عێراق راستەوخۆ پەیوەندی بە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای واستەوە كردووە و پێشنیازی پێدانی پارەیەكی زۆری بۆ كردوون لەپێناو وازهێنانیان لە فراكسیۆنەكانیان و چوونە پاڵ فراكسیۆنەكەی ئەو.

به‌پێی سكالای پارێزگاری واست، پێشتر یوسف كیلابی هەڕەشەی لە هەندێك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاكە كردووە بەوەی كە ئەگەر نەچنە پاڵی، ئەوا دەكوژرێن یان دەكرێنە ئامانجی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان. جگە لەوەی هەڕەشەی ئەوەشی لێكردوون كە ئەگەر بە گوێی نەكەن، ئەوا دۆسیەیان لە دادگا بۆ دەكاتەوە، بە تایبەتیش دۆسیەی گەندەڵی.

پارێزگاری واست لە سكاڵاكەیدا نووسیویەتی كە یوسف كیلابی هەڕەشەی لە ژمارەیەك بەڵێندەر و وەبەرهێنەریش كردووە، هەروەها هەوڵی داوە كێشە لە نێوان دوو فراكسیۆن دروست بكات لە ئەنجومەنی پارێزگاكە. دەشڵێت، یوسف كیلابی ”بە ڕوونی گوتوویەتی ئامادەم بەرامبەر پۆستی پارێزگاری واست، 15 ملیار دینار بدەم.“

مەیاحی دووپاتی کردووەتەوە كه‌ ئەو كارانەی یوسف كیلابی كردوویەتی، ”دەچنە خانەی تیرۆر و گەندەڵی و خیانەتكردن لە نوێنەرانیەتیكردنی گەل، بۆیە سكاڵای فەرمی خۆمان پێشكەش دەكەین و داوا دەكەین لێژنەیەك لە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەن و لەگەڵ تۆمەتبارەكەش بكەن و ئەندامێتییەكەی لە پەرلەمانی عێراق كۆتایی پێ بهێنن.“

يوسف كیلابی یەكێكە لەو پەرلەمانتارە عەرەبە شۆفێنییه‌كان كە كە بەردەوام لە دژی مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەدوا و سكاڵای لە دادگا ده‌كرد بۆ بڕینی مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستان. له‌ ئێستاشدا بۆ نانه‌وه‌ی گرژی و ئاڵۆزی و هاندان، رووی له‌و گروپه‌ی له‌ سلێمانی كردووه‌ كه‌ خۆیان ناو ناوە (دەستەی داكۆكی لە مامۆستایانی ناڕازی) و هانیان دەدا تا خوێندنی ئەمساڵی قوتابخانەكانی سلێمانی و دەوروبەری بفەوتێت و روویه‌كی ناشرین پیشانی جیهان بده‌ن.

Back to top button