ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی گردبوونەوەی ژمارەیەک فەرمانبەری شاری سلێمانی بڵاو کردەوە.

لە راگەیاندراوەکە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە: “چەند ڕۆژێکە لە سنووری سلێمانی گردبوونەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر بەدی دەکرێت. داواکارییە ڕەواکانی فەرمانبەران و چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە خشتەی کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان و لەو پێناوەش بە بەردەوامی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا کار بۆ بەدیهاتنیان کراوە و تا ڕادەیەکی باش بەرەو پێشچوون هەیە.

راشیگەیاندووە:” بە هەماهەنگی لەگەل بەغدا لە هەولی چارەسەرکردنی بابەتە هەلواسراوەکانین.”

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە: “ئەوەی جێگای هەلوەستەیە، کۆمەلێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو ، پ. ک. ک. و کەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن و بەمەش داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران تێکەڵ بە مەرامەکانیان دەکەن.

دەشڵێ:” سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپیشان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگرییان لێدەکرێت و هەر هەولێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت رێگەی پێنادرێت.”

Back to top button