تەیمووری ئەنفال: یەكێتی، مووچەخۆران و مامۆستایان بۆ مەرامەكانی خۆی بەكار دێنێت

چالاکێکی بواری ئەنفال و رزگاربووی کارەساتەکە كە ماوەیەكی زۆر لەنێو ماڵی جەلال تاڵەبانیدا ژیاوە، ئاشكرای دەكات كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مامۆستایان و مووچەخۆران بۆ مەرامەكانی خۆی بەكار دینێت و لەم پێناوەشدا هەموویان بە كوشت بدات بە خەیاڵیدا نایەت.
تەیمووری ئەنفال، ئەو ڕزگاربووەی پرۆسەی ئەنفال كە لەنێو گۆڕی بەكۆمەڵدا بە برینداری ڕزگاری بووە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسینێكی بە ناونیشانی (یەکێتی سیاسەتێکی هەڵە پەیڕەو دەکات) بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد: من لەگەڵ هەموو داواکارییەکانی مووچەخۆراندام، بەڵام یەکێتی سیاسەتی ساڵی 1988 و ئەنفال دوبارە دەکاتەوە.
تەیمووری ئەنفال دەڵێ: یەکێتی، مامۆستایان و مووچەخۆران بەكار دێنێت و نەک هەر کارئاسانییان بۆ دەکات، بەڵکوو بەرنامە و پیلانیان بۆ دادەڕێژێت! یەکێتی دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە بە مەرامەکانی خۆی بگات، ئەویش بەدستهێنانی پۆستەباڵاکانە لە کابینەی نوێدا و هەروەها ئەجێندای بەرەی مقاوەمە جێبەجێ دەکات بۆ ئەوەی هەرێم و پارتی لەقاڵب بدات.
ئەو چالاكەی ئەنفال دەشڵێت: یەکێتی کە زانیی لەگەڵ پارتی بێسوودە و هیچی بۆ ناكرێ، ئێستا بە مەکروناز دەستی کردووە بەم جۆرە مەکرانە، بۆیە لێرەوە داوا دەکەم لە هاونیشتمانیانی خۆشەویست، نەبن بە بووکەڵەی دەستی یەکێتی و بۆ مەرامە گڵاوەکانیان بەکارتان بهێنن، یەکێتی هەمووتان بەکوشت بدات بە خەیاڵیدا نایەت، گرنگ ئەوەیە باخەڵی سەرانی یەكێتی و ماڵ و منداڵیان پڕ بێت، ئێوە منداڵتان هەتیو دەبێت بەجەهەنەم.