ئارتین جەلال بەگ: عەلی حەمەساڵح دەزانێ ئەوەی كردوویەتی دەچێتە خانەی سیخوڕییەوە بۆیە حاشای لێ دەكات

قوتابییەكی زانكۆ كە لە بواری یاسا دەخوێنێت، رایدەگەیەنێت ئەوەی عەلی حەمەساڵح كردوویەتی، نایاساییە و خودی عەلییش ئەوە دەزانێت كە كارەكەی دەچێتە خانەی سیخوڕییەوە، بۆیە نكۆڵیی لێ دەكات و دەیخاتە ئەستۆی كەناڵێكی تر!

ئارتین جەلال بەگ، چالاكی سیاسی و قوتابی زانكۆ لە بواری یاسا، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”دوێنێ عەلی حەمەساڵح ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا باسی لەوە کرد كە بڵاوکراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر نایاساییە و ئەوەی خراوەتە پاڵی؛ ڕاستە ئەو کردوویەتی و ئەو ڤیدیۆکانی تۆمار کردووە، بەڵام کردەکە ئاساییە و هیچ شتێکی نایاسایی تێدا نییە. ئەمەش مانای وایە كە دانی بەوەدا نا کە (ئەو کارەکەی کردووە، بەڵام پێیوایە کارەکەی نایاسایی نیە) بەڵام ئەمڕۆ بابەتێکی دیجیتاڵ میدیای پەرەگرافی بڵاوکردووەتەوە کە نكۆڵی لەوە دەکات ئەو ڤیدیۆیانە پەیوەندییان بە عەلی حەمەساڵحەوە هەبێت و گوایە (سابرین نیوز) ڤیدیۆکانی لە KNN وەرگرتووە!“

ئەو چالاكە سیاسییە دەشڵێ: ”دیارە کاک عەلی دوای ڤیدیۆکەی دوێنێی، راوێژی بە پارێزەرێکی شارەزا کردووە و لەوە تێگەیشتووە ئەوەی کردوویەتی ئاسایی نیە و ئەگەر بەسەریدا ساغ ببێتەوە لە دادگا، دەچێتە خانەی سیخوڕیکردن بەسەر دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتەوە. بۆیە دەیەوێ حاشا لەوە بکا کە گوتوویەتی و کردوویەتی.“

هەروەها نووسیویەتی: ”دانەپاڵی ئەم کارە بۆ كەناڵی (KNN) لە بنەڕەتدا ئەوە دەگەیەنێت كە ئەم کارەکتەرە چەندە نادڵسۆز و بێوەفایە بەرامبەر ئەو دەزگا و حزبەی، كە بەبێ بوونی هیچ بەهرە و توانا و سەقافە و شارەزاییەک، کردیانە خاوەن پارە و ناو و حزب و دنیایەک دەستکەوت کە یەک دانەشیان لە قابیلیەتی ئەودا نین.“

لە كۆتاییشدا جەختی لەوە كردووەتەوە: ”عەلی حەمەساڵح بەرامبەر ئەو هەموو چاکەیەی گۆڕان و KNN کە بۆ کاک عەلییان هەبووە، ئەوە هەڵوێستی بێت و سیخوڕییەک کە خۆی کردوویەتی، بیداتە پاڵ ئەوان. وای بە حاڵی ئەوانەی دوای کەوتوون و سوودی زۆریان پێنەگەیاندووە.“

Back to top button