وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی نوێی بۆ ماتۆڕسكیلی دلیڤەری دەركرد
![](https://xwakurk.com/wp-content/uploads/2025/02/٢٠٢٥٠٢١٣_٢٢٢٨٥٧.jpg)
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە پێنج رێنمایی نوێی بۆ ماتۆڕسكیلی گەیاندنی خواردن بۆ هاووڵاتییان (دلیڤەری) دەركرد و لە خاڵی یەكەمدا هاتووە : پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا ماتۆڕسكیلەكان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ تۆمار بكرێن و هەروەها لێخوڕی ماتۆڕسكیلیش مۆڵەتی لێخوڕین دەربهێنێت.
لە خاڵی دووەمدا هاتووە، ئەو ماتۆڕسكیلانەی كە پێشتر سەرپێچییان كردووە، بەرپرسیارەتییەكە دەكەوێتە سەر كۆمپانیاكان، كۆمپانیاكانیش دەتوانن تا كۆتایی ئەمساڵ سزای سەرپێچییەكە بە قیست بدەنەوە.
لە خاڵی سێیەمدا هاتووە: كۆمپانیاكان پێویستە پابەندبن بە ڕەخساندنی هەلی كار بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، بۆ كاركەری بیانیش دەبێت كاتی نشینگەی هەبێت و مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسكیلیشی هەبێت و پێشینەی تاوانیشی نەبێت.
لە خاڵی چوارەمدا هاتووە: هەوڵ بدرێت ماتۆڕسكیلی كارەبایی یاخود بێ دەنگ بەكاربهێنرێت.
لە خاڵی پێنجەمیشدا ئاماژە بەوەدراوە كە پێویستە لێخوڕی ماتۆڕسكیلەكان جلوبەرگ و كڵاوی سەلامەتی بەكاربهێنن، هەروەها جلوبەرگی تایبەت بە كۆمپانیا لەبەر بكەن و ناویشیان لەسەر یاخەیان نووسرابێت.