کێشەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم یەکلایی بووەوە

لەکاتی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە کە رێککەوتنی لەبارەوە کراوە، شاندی هەرێمی کوردستان داوایان کردووە بابەتی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران چارەسەر بکرێت کە لە ساڵی 2016 ەوە بەهۆی نەبوونی تەرخانی دارایی پلەبەرزکردنەوەی زۆربەی فەرمانبەران لە کوردستان راگیراوە.

وەزارەتی دارایی عێراق ئەم داواکارییەی ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵام داوای یەکخستنی پلەی وەزیفی کردووە بەپێی یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2024، سەرەتا پلەکان ڕێکبخرێن، ئینجا دەست بە پلەبەرزکردنەوە بکرێت.

بەگوێرەی یاساکە حکومەتی عێراق دەبێت ناونیشانی فەرمانبەرانی خۆیشی  رێکبخاتەوە، لەبەرئەوەی کەموکوڕی لە پلەی وەزیفی فەرمانبەرانی خۆیشیان هەیە، واتا رێککخستنەوەی پلەی وەزیفی مەرجی عێراق نییە بۆ کوردستان و ڕێککەوتوون بە هەماهەنگی یەک و هەر یەکێکیان لەلایەن خۆیەوە ئەم بابەتە چارەسەر بکەن.

هەرێمی کوردستان و بەغدا رێککەوتوون پێکەوە کار لەسەر رێکخستنەوەی ناونیشانی وەزیفی فەرمانبەران بکەن کە سەرجەم فەرمانبەران دەگرێتەوە و ژمارەیان 552 هەزار فەرمانبەرە، بەڵام مەرج نییە ناونیشانی هەموویان بگۆڕێت. بۆنموونە هەندێک ناونیشان هەیە لە عێراق هەیە و لە کوردستان نییە، بەپێچەوانەوەش هەندێک ناونیشانی فەرمانبەر لە کوردستان هەیە و لە عێراق نییە.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەزارەتەکانی ڕاسپاردووە دیراسەتی ئەو پلە وەزیفانە بکەن بەپێی یاسای ساڵی 2024، لیستێک دروست دەکرێت بۆ بەراودکردنی ناونیشانە وەزیفییەکانی کوردستان لەگەڵ عێراق بۆ ئەوەی دواتر یەک بخرێن. بەمەش مووچەی سەرجەمیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت کە هەندێک لە مووچەخۆران مووچەکانیان کەم دەبێتەوە و بەشێکی دیکە مووچەکانیان زیاد دەبێت، هاوکات ئیمتیازاتەکانی دیکەشیان دەگۆڕێت.

بەپێی یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2024، مەرجی سەرەکی بۆ دیاریکردنی ناونیشانی فەرمانبەر بڕوانامە و ساڵانی خزمەت دەبێت.

لەبارەی پلەبەرزکردنەوەش کەژمارەیان 330 هەزار فەرمانبەرە، ئەگەر پرۆسەکە کۆتایی بێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، مووچە و ئیمتیازاتی سەرجەمیان زیاد دەکات، بەڵام ئەم پرۆسەیە ئاڵۆزە و کاتێکی زۆری دەوێت، بۆیە بەشێک نییە لە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئەمساڵ، بە هەموو ئەگەرەکان جێبەجێکردنی دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.

هاوتاکردنی ژمارە و ناونیشانی وەزیفی پەیوەستن بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران کە نزیکەی 500 هەزار مووچەخۆر دەگرێتەوە و لە هەفتەی داهاتووەوە سەرجەم وەزارەت و دەستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە ڕادەسپێردرێن هاوتاکردنەکە دەستپێبکەن، هەروەها هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی نوێی سەربازیش دەستپێدەکات.

Back to top button