سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندی ئیمرالی دەكات

ڕۆژی یەكشەممە 16ی شوباتی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندی ئیمراڵی بە سەرۆكایەتیی خاتوو پەروین بولدان و بەڕێز سری سورەیا ئوندەر كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان بیروبۆچوونی خۆیان لەمەڕ بارودۆخی سیاسی و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و وردەكاری و ئەنجامی دیدارەكانیان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو. هەروەها شاندی ئیمرالی لەو دیدارەدا ناوەڕۆكی پەیامی بەڕێز (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ـیشیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەختی لە بایەخی پڕۆسەی ئاشتی وەك تاكە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەری كردەوە و بە پێویستیشی زانی كە هەموو لایەك هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕ بكەنەوە كە پڕۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام. سەرۆك بارزانی ئامادەیی تەواوی خۆشی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی ڕاگەیاند.