سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 2/18 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بێریس ئیکینجی جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا ، بیروڕا لەبارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کرا ، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وزەدا.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان، بە تایبەتی دوای پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، تایبەت بە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم .

هەروەها گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا ، لەمبارەیەوە، جەخت لە گرنگیی بەشداریی هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژە ستراتیژییەدا کرا .

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی دۆخی سووریا تاوتوێ کرا و پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکان دووپات کرایەوە.

Back to top button