جووتیارێكی گوندی سەرگەڕان: ئەو سەربازەی هەوڵی خنكاندنی جووتیارە كوردەكەی دا، سزا نەدراوە و نەگیراوە

جووتیارێكی گوندی سەرگەڕان ئاشکرای دەکات: ئەو سەربازەی هەوڵی خنكاندنی جووتیارە كوردەكەی دا, سزا نەدراوە و نەگیراوە
فەرهاد شێخ خەڵەف دانیشتووی گوندی شەناغە، رایگەیاند، ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ لە هاوڕێ سەربازەكانمان پرسی لەبارەی گرتنی ئەو سەربازەی هەوڵی خنكاندنی جووتیارێكی دا، تووشی شۆك بووین.
گوتیشی:”ئەو سەربازە ئەمڕۆ لە دەوام بووە و ئەوەی دەگوترێت گیراوە یان سەری تاشراوە، دوورە لە راستی و ئەمڕۆ لە دەوام بووە.
ئەوەشی باس كرد، سبەی ئەم كاتە كۆتایی دێت بۆ وەستان لە كێڵانی زەوییەكانمان دیاریمان كردبوو، بۆیە ئەگەر سوپاش نەكشێتەوە، ئەوا ئێمە سبەی دەست دەكەینەوە بە كێڵان، چی ببێت گوێی پێ نادەین.
هەروەها روونیشی كردەوە، ئەو سەربازانەی هێنراون بۆ داگیركردنی زەوییەكانمان، هێشتا لە شوێنی خۆیانن و نەكشێنراونەتەوە، بۆیە ئێمە چاوەڕوانین بزانین ئەندامانی ئەنجوومەن ئەمڕۆ چی دەكەن و دواتر دەست بەكاری خۆمان دەكەینەوە.
ئەوە لە كاتێكدایە شەوی رابردوو وا بڵاو كرایەوە كە ئەو سەربازە گیراوە و سەری تاشراوە، بەڵام ئێستە دەركەوت ئەو بابەتە راست نییە و سەربازەكە لە دەوامە.