بەرهەم عەلی: ئەو هەموو مایكانەی بەدوای كیلابی و جاشپەرلەمانتارانەوە بوون لەژێر خێمەكەی سلێمانی، دوێنێ لەسەرگەران لە كوێ بوون؟

میدیاكارانی خێمەی مانگرتوان! بۆ نەچوونە سەرگەڕان؟
دوێنی جووتیارانی چەند گوندێكی سەرگەڕانی سەر بە كەركووك، جوانترین و باڵاترین و بێوینەترین دیمەنی بەرگریكردن لە خاك و لە بوون و لە كوردبوونیان، پیشان داین بەرامبەر بە چەك و جبەخانە و هەمەرەكانی سوپای عێراق، ئەو سوپا بێقیمەتەی لەوەتەی هەیە لەنێو (عێراق!) خوێنی كورد دەڕێژێ و بەرامبەر سوپا و گرووپە دەرەكییەكانیش دەدۆڕێ.
تۆ لە بێهەڵویستی و هەزیلیی جەماعەتی سەفقەكەی هۆتیل رەشید و سەیدولمحافزەكەی یەكێتی و فرۆشیارانی كەركووك گەڕێ، بەڵام ئەی ئەو هەموو میدیا كوردییە حزبی و بێلانە! لە كوێ بوون؟ ئەو هەزاران میدیاكارەی لە خێمەكەی مانگرتوان لە سلێمانی! كۆ بووبوونەوە، بۆچی نەچوونە لای جووتیارانی سەرگەڕان و هاوارەكانیان بگوازنەوە؟
ئەرێ ئەو هەموو مایكانەی بەدوای كیلابی و جاشپەرلەمانتارەكانەوە بوون لەژیر خێمەكەی سلێمانی، دوینێ لە كوێ بوون؟ ئەرێ ئەو هەموو پەیامنێرەی، شەوێك لای خێمەكە دوای بافڵ تاڵەبانی كەوتن و هەر هەموویان بە شەق دەركردن، بۆچی نەچوون بەدەم جووتیارانی سەرگەڕانەوە؟ راستتان پێ بڵێم، دوێنێ ئەگەر میدیاكانی پارتی و نزیك لە پارتی لە سەرگەڕان نەبوونایە، ئەسڵەن كەس نەیدەزانی چ زوڵمێك لە جووتیارانی كورد دەكرێت.
لەو شانۆییە ساختەیەی خێمە پڕ قەرەوێڵەكەی سلێمانییدا، كە ناوی نرابوو (مانگرتن!) و جەماعەتێك لە شاگرد و كاسەلێسەكانی كلدانی و كیلابی هەڵیاندەسووڕاند و چەند كەسێكیشیان لەخشتە بردبوو و مانیان پێگرتبوون، بە ئاشكرا دەركەوت كە خەڵكی سلێمانی وەك هەمیشە هۆشیار و زیندوو و بەئاگان و گاڵتەیان بە وەزعەكە دەهات بۆیە سۆشیال میدیایان پڕ كردبوو لە نوكتە و توانجی كۆمیدیی سەیر و خۆش لەسەر مانگرتوان، بەڵام ئەوانەی كە هەوڵی بێوچانیان دا تا خەڵكی شار باوەڕ بەو شانۆییە ساختەیە بكەن، زۆرینەی میدیاكارانی سلێمانی بوون، ئەوە ئەوان بوون شەوانەڕۆژ هەوڵیان دەدا، خەڵكی سلێمانی لەخشتە بەرن.
سلێمانی لەگەڵ جووتیارە كەركووكیەكاندایە، بەڵام زۆرینەی میدیاكارانی سلێمانی دەیانەوێ بڵێن وا نیە! سلێمانی رۆحی كوردایەتییە، كەچی زۆر لە میدیاكاران لەو شارەوە دەیانەوێ وەها لە خەڵك بگەیەنن كە ئەو رۆحە لەناو چووە! سلێمانی، شارێكە مل بۆ دوژمن و داگیركەر شۆڕ ناكات، خۆی ناچەمینێ، رادەست نابێ، كەچی زۆرینەی میدیاكارانی دەیانەوێ وەها وێنا بكەن كە شاری هەڵمەت و قوربانی، عاشقی عێراقی حەبیبە! و زۆر دڵی بە دەسەڵاتی میلیشاگەری مەزهەبگەرا و گەندەڵ و فاسقی بەغدا و دزی و تەوتینەكەی، دەكرێتەوە! لێ بە خۆشحاڵییەوە سلێمانی قەت نابێتە ئەو شارەی ئەوان و ئاغاكانیان دەیانەوێ ببێت.
بەداخەوە ئەو كارەی ساڵانێكە بەشێكی زۆر لە میدیای سلێمانی لەسایەی ئەو دەسەڵاتە حزبییەی شارەكەدا دەیكەن، رێك و پوخت ئەوەیە كە دوژمنان و داگیركەران و نەیارانی كوردستان دەیانەوێت بكرێت، ئەویش ئەمەیە: ”بایەخدان بە رووداو و پرسی بچووك و لاوەكی و تەنانەت هەوڵ و هەواڵی ساختە و، سووك و هەزیل پیشاندانی مرۆڤی كورد، هاوكات فەرامۆشكردن و پشتكردن لە رووداو و پرسە نیشتمانیە گرنگ و هەستیارەكانی كورد و كوردستان.“
گەورەترین مەهزەلەی ئەو میدیا كوردییە! ئەوە بوو، كە زیاتر لە 10 رۆژ، بە سەدان پەیامنێر و كامێراوان، لە بەیانیەوە تا شەو لای خێمەكەی (بەناو مانگرتوان!)ی سلێمانی بوون و رووماڵی هەواڵەكانی شانۆییە ساختەكەی بن خێمەكەیان دەكرد، ئنجاش مەتر بە مەتر لەگەڵ ئەو جەماعەتەدا هاتن تا دێگەڵە بەو ئامانجەی دۆخی ئارامی هەولێر تێك بدەن. ئەوە میدیاكارانە بوون، كارێكیان كرد كە هەرچی بەرپرسێكی گەندەڵ و دز و چەتە لە سلێمانی هەبوو، بەس جارێك بهاتایەتە بن خێمەكە و سڵاوێكی لە جاشەكەی كلدانی بكردایە، ئیتر لە هەموو گوناح و دزی و تاوان و گەندەڵییەكان پاك دەبووەوە! بەڵام بەڕاستی خەڵكی سلێمانی جێگەی شانازیین، چونكە كەمترین كەس لەو شارەدا باوەڕی پێكردن.
پرسیارێكی ترم هەس: ئەوە حاڵی میدیاكارانی بن خێمەكەمان زانی! ئێوە پێم بڵێن، ئەی سۆران و غالبی خانەنشین و یوسفی موتەقاعید و گوڵپی و سروە و هەرێم ئاغا، كە وەك بەربووك، دوای كیلابی كەوتن و بردیان بۆ ژێر خێمەكە، ئەی ئەوانە بۆچی بایی ئەوەندە مەردایەتییان تیا نیە، لەسەر مافی ئەو جووتیارە ماف زەوتكراوانەی كورد، قسەیەك بكەن؟