ڕێبوار تاڵه‌بانی: دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر دۆخێكی نائاسایی له كه‌ركووك هه‌یه و پۆستەکانی کورد بێ بەها کراون

سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، باس له دۆخی شاره‌كه ده‌كات و ئاماژه به‌وه ده‌كات، له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر دۆخێك له شاره‌كه دروست بووه، كه هه‌موو شتێکی نایاساییە، شارێكیش به نایاسایی به‌ڕێوه بچێت، هیچ شه‌رعیه‌تێكی تێدا نامێنێت.
ڕێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك رایگەیاند: له كابینه‌كانی پێشوودا، له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی رژێمی رووخا‌و له یه‌ك سه‌نگه‌ردا بووین بۆ رووخاندنی، ڕژێم ئه‌و زوڵم و سته‌مانه‌ی دروست كرد، بڕیار وابوو دوای ڕووخانی پێكه‌وه ئه‌و گرفتانه چاره‌سه‌ر بكەین، کاتێ ده‌ستووری عێراقمان دانا هیوامان خواست یه‌كه‌م كابینه‌ی حكوومه‌ت ئه‌و گرفتانه چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام نه‌یكرد، تا بە ئێستا دەگات، له مه‌له‌كیه‌ته‌وه بۆ جمهورییه‌ت و بۆ به‌عس، هه‌موو جارێ قه‌وانی كۆن لێ ده‌ده‌ینه‌وه و ئاسنی سارد ده‌كوتین، ده‌نا ده‌بوو له‌مێژه كورد بڕیاری خۆی له‌و ناوچه كوردستانییانه بدابایه، كه حكوومه‌تی عێراق به تاكڕه‌وانه به‌ڕێوەی دەبات.
گوتیشی: پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، نه‌مان هێشت قیاده‌ی عه‌مه‌لیاتی دیجله بێته كه‌ركووك و سه‌دان بڕیاری حكومه‌تی عێراقی دژی بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووکمان ڕاگرت، چونكه كورد یه‌كده‌نگ بوو، نه‌مان هێشت بەسەرماندا بسەپێنن، به‌ڵام له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر بارودۆخێكی نایاسایی و پێچەوانی دەستوور له شاری كه‌ركووك هه‌یه، له هه‌ر شوێنێك سوپا دەستوەردان لە کاروباری ئیداری بکات پێچه‌وانه‌ی ماده‌ی 9ی ده‌ستووره، چونكه ئازادی نامێنێت، ئه‌گه‌ر سوپا و هێزی چەکدار نه‌بوایە نەده‌توانرا ده‌ستدرێژی بكرێته سه‌ر جووتیارانی كورد.
راشگه‌یاند: دۆخی ئێستای كه‌ركووك ناده‌ستووری و نایاساییه، ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه باری ئاسایی خۆی، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا لە عێراق وه‌ك كابینه‌كانی رابردوو گوێیان داخستووه، به‌داخه‌وه ئه‌و پۆستانه‌ی كورد ئێستا هیچ سەنگ و بەهایان نەماوه، كاتێك سوپای عێراق به ملپێچ جووتیارێك له تراكتۆر راكێشێت، چۆن به‌و پۆستانه ده‌توانێت مافی كورد له‌و شاره بگه‌ڕێنرێته‌وه؟ له هه‌ر شوێنێكی عێراق سوپا دەستوەردان بكات و ئه‌مه رووبدات، پۆست هیچ دەسەڵات و به‌هایه‌كی نابێت، بۆیه ئێمه سه‌یری ئەنجامەكە ده‌كه‌ین، ئەنجام ئاوامان پێ دەڵێت.