سەرۆك بارزانی پێشوازی لە کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەكات

ڕۆژی چوارشەممە 19ی شوباتی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز دانیال ڕۆبنستین، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و سووریا و دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە تاوتوێ كرا.
هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر دەرئەنجامەكانی سەردانی شاندی ئیمرالی بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها دیداری نێوان سەرۆك بارزانی و بەڕێز مەزلووم عەبدی.
پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەری تری ئەو دیدارە بوون و سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ڕەفتاری نابەجێ و ئازاردانی جووتیارانی كورد لە پارێزگای كەركووك هێمای بەوەدا كە ئەم ڕەفتارانە دەرخەری عەقڵیەتی شۆڤێنین و دیمەنەكانی جینۆسایدی گەلەكەمان دێنێتەوە یادمان.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە پێویستە لە عێراقدا لە چوارچێوەی دەستوور كار بە پڕەنسیپەكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق بكرێت.