دكتۆر باخان ئازاد: بایكۆتچیەكان دەیانەوێ سلێمانی لە شاری رۆشنبیرییەوە بكەنە شاری نەخوێندەواران

دكتۆر باخان ئازاد، خانمە پزیشك و چالاكی سیاسی لە سلێمانی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، تكای لە مامۆستایانی سلێمانی كردووە، چیتر منداڵانی هەژار لە خوێندن و پەروەردە بێبەش نەكەن، چونكە، منداڵی ئاغاكان لە قوتابخانەی حكوومی ناخوێنن.

ئاماژەی بەوەش کردووە كە بە دڵنیاییەوە بایكۆتەكە خۆڕسك نیە، بەڵكوو، هەموو ساڵێك ئەم یارییە دەكەن و دوایی بە تەكلیفێكی بەسیتی مامی بچووكیان دەچنەوە بۆ دەوام، چونكە ئەو و حزبەكەی ئاراستەی كردوون و ئامانج لێی ئەوەیە پرۆسەی پەروەردە لە سنووری سلێمانی بگۆڕن و ئەم شارە لە شاری رۆشنبیرییەوە بۆ شاری نەخوێندەواران بگۆڕن و پڕی بكەن لە جنێودەر و تیكتۆكچی و چەكداری بێمۆڵەت و نەوەیەكی بێ پرەنسیپ و بێ توانا دروست بكەن.

هەروەك باسی لەوەش كردووە كە تاكە ئومێدی هەژاران بۆ دەربازبوون لە دەردی هەژاری، خوێندنە، بەڵام، بەداخەوە لە سلێمانی منداڵی هەژاران ئەم ترووسكاییەشیان نەماوە بۆ ئەوەی لە هەژاری دەربازیان بێت، چونكە دەسەڵاتدارانی سلێمانی لە ڕێگەی بایكۆتەوە دەیانەوێ تەنیا منداڵی بازرگان و بەرپرسان و منداڵی بەشێك لەو مامۆستایانەی كە پیاوی خۆیانن و هانی خەڵك دەدەن بۆ بایكۆت كە لە قوتابخانە ئەهلییەكان دەخوێنن، خوێندەوار بن.

دكتۆر باخان ئازاد جەختی كردۆتەوە، پیلانی پشت بایكۆتەكە ئەوەیە كە خەڵكی هەژار هەر بە تیكتۆك و پاسەوانیكردنی ئەوان و موڵك و ماڵی ئەوانەوە خەریك بن و خۆیان هیچ نەزانن تاوەكوو هەر فەرمانێكیان بەو خەڵكە كرد، یەكسەر بێ قەید و شەرت جێبەجێی بكەن.

هەروەك پێیوایە كە ئەگەر لە دەڤەری سلێمانی هۆشیاریی پێویست هەبێت، لە دادگا سكاڵا تۆمار دەكرێت لەسەر ئەو شێتخانەیەی بە ناوی بایكۆتەوە ساڵانە دەكرێت و منداڵانی هەژار لە خوێندن بێبەش دەكرێن، كەچی ساڵانە هەموو مووچەكانیان بە مووچەی پشووی هاوین و مووچەی ئەو چەندان مانگەشەوە وەردەگرن كە بایكۆتیان تێدا كردووە! ئەی خێرە هەر ئەو مامۆستایانە لە وەرزی هاویندا خۆپیشاندان ناكەن؟ خۆ ئەگەر مووچە دواكەوتبێت، پەیوەندیی بە هاوین و زستانەوە نەبووە، كەچی ئەوان تەنیا لە وەرزی خوێندندا بایكۆت و خۆپیشاندان دەكەن.

ئەم خانمە چالاكەی سلێمانی رەخنەی لە بەرپرسانی پەروەردە گرتووە، بەوەی، هیچ ڕێوشوێنێكی ئیداری ناگرێتە بەر بۆ ئەوەی قوتابیانی سلێمانی لەو پیلانگێڕییە دەرباز بكات كە دەرهەقیان دەكرێت. لە كاتێكدا ئەوەی بە ناوی بایكۆتەوە دەكرێ، لەپێناو بەرژەوەندیی بەرەی مقاوەمە و میلیشیا تیرۆریستەكانە.

لە كۆتاییشدا نووسیویەتی: داواكارم لە مامۆستایانی بەڕێز و سەربەرزی سلێمانی، چیتر بە فەرمانی خەڵكی تێر و بە فەرمانی ئەوانەی سەر بە میلیشیاكانن، سزای منداڵی هەژارانی سلێمانی نەدەن.

Back to top button