سیستمی خوێندنی ژاپۆنی وەك تاقیكردنەوە لەچەند قوتابخانەیەكی هەولێر جێبەجێ دەكرێت

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا، شاندێكی ژاپۆنی سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستانیان كرد و پێشنیاری ئەوەی بۆ كردن كە كار لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی زیرەكی قوتابیانی كوردستان بكرێت لە رێی جێبەجێكردنی سیستەمێكی ژاپۆنییەوە.
لە ئێستادا شاندەكەی ژاپۆن دەستیان بە پەیڕەوكردنی سیستمەكە لەچەند قوتابخانەیەكی هەولێردا كرد.
شاندێكی ئاژانسی هاریكاری نێو دەوڵەتی ژاپۆنی (JAICA) بە سەرۆكایەتی هێرۆشی سوزوكی بەڕێوەبەری نووسینگەی جایكا لە عێراق و پرۆفیسۆر هێرۆشی سۆگیتا پرۆفیسۆر لە زانكۆی كۆكوگاكوین و ئەكادیمیست و شارەزا و پیشەنگ لە پەروەردە و بەڕێوەبەری ڕێكخراوی (IVY)ی دوای ئەنجامدانی خولێك بۆ حەوت قوتابخانە لە پارێزگای هەولێر بۆ شارەزابوون لە سیستەمی پەروەردەی ژاپۆنی و راهێنیانی مامۆستایان بۆ شێوازەكانی وانە گوتنەوەی مۆدێلی پەروەردەیی سەردانی قوتابخانەی شیلانی ئینگلیزی بنەڕەتیان كرد و بە كرداری وانەكان پیشكەش كران.
شیاوی باسە، ئەم سیستەمە پیشووتریش لە میسر تاقیكراوەتەوە و بە كرداریش جێبەجێ كراوە و دەرەنجامی باشی هەبووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر رایگەیاند كە 10 قوتابخانەی تریش خراوەتە ناو سیستەمەكە و كاری لەسەر دەكرێت كە سیستمەكە سەرجەم بەهاو بروابەخۆبوون و دروستكردنی كەسی سەركردە لەخۆ دەگرێت.