یەكێتی زانایانی كوردستان داوایەك ئاراستەی مسوڵمانان و میدیاکان دەکات

یەكێتیی زانایانی كوردستان لە پەیامێكدا، داوا لە میدیاكان دەكات لە رێگەی دروستكردنی گومان و ورووژاندنی هەندێك پرس و بابەتی نەگونجاو؛ پشێوی نەخەنە ناو موسڵمانانەوە.

لە پەیامەکەیدا یەكێتی زانایانی كوردستان رایگەیاندووە ، مانگی پیرۆزی رەمەزان وەك روكنی چوارەمی ئیسلام كە لە ساڵی دووەمی كۆچی لەسەر مسوڵمانان فەرز كراوە، مەوسیم و دەرفەتێكی گرنگە بۆ ئەنجامدانی خواپەرستی و بەخۆداچوونەوە و دەربڕینی پەشیمانی و لێبوردەیی و كاری خێر و هەنگاوی چاكە و یارمەتیدانی هەژاران، قوتابخانەیەكە بۆ پەروەردەی دەروونی و خۆ راهێنان لەسەر رەوشتی بەرزی دینداری و داڕشتنەوەی رەفتار و گەیشتن بە بەها باڵاكانی مرۆڤایەتی، پتەوكردنی پێوەندی ئیمانییە لەگەڵ خوای باڵادەست و بەهێزكردنی پێوەندیی كۆمەڵایەتییە لەسەر بنەمای نیەتپاكی و ئیسڵاح و برایەتییەكی دروست و مسوڵمانانە.

زانایان دەڵێن، بۆیە پێویستە هەمووان بە هەستێكی بەرزی ئیمانی پێشوازیی ئەم مانگە پڕ خێر و بەرەكەتە بكەین و ماڵەكانی خوا بە ئاین و دینداری ئاوەدان بكەینەوە، وێڕای بەرزنرخاندنی رۆڵ و خزمەتی زانایانی ئاینی، دەخوازین لەم مانگەدا كۆششەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ قووڵكردنەوەی زیاتری بەها ئیمانییەكان و هۆشیاری ئاینی و ئاشتەوایی و پەروەردە، راستكردنەوەی هەڵە و پەڵەكانی كۆمەڵگە و رەخساندنی كەشێكی ئارامی دینداری.

لە بەشێكی پەیامەكەدا دەڵێن، بەگرنگی دەزانین پەیامێك ئاراستەی دەزگاكانی راگەیاندن بكەین، بەوەی لە رێگەی دروستكردنی گومان و ورووژاندنی هەندێك پرس و بابەتی نەگونجاو؛ پشێوی نەخەنە ناو مسوڵمانانەوە، بەڵكو هەوڵ بدەن لە رێگەی تێكەڵكێشكردنی پەیامی ئیسلامپەروەری و نیشتمانپەروەری خزمەت بكەن، چونكە دواتر خۆیان بەرپرسیار دەبن و ئۆباڵی بڵاوكردنەوەی زانیاریی هەڵە و دروستكردنی پشێوی دەگرنە ئەستۆ؛ بەتایبەت لەو بابەتانەی پێوەندی بە لایەنی عەقیدە و پەرستشی مسوڵمانانەوە هەیە.

لە كۆتایی پەیامەكەدا دەڵێن، بەهیواین حكومەت و لایەنی پێوەندیدار؛ تایبەتمەندیی ئەم مانگە لەبەرچاو بگرن، لە رێزگرتن و چاودێریی بازاڕ و ئیستغلال نەكردنی ئەم مانگە بۆ بازرگانی و گرانكردنی كاڵاكان و پێداویستی رۆژانەی خەڵك.

Back to top button