زانیاری نوێ گەیشت لەبارەی دەستپێکردنەوەی سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندن

سەرۆكی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق جەخت دەکاتەوە، راگرتنی پلەبەرزکردنەوە و سەرمووچە زۆر ناخایانێت. بەرپرسێکی وەزارەتی داراییش دەڵێت: “خشتەکانی بودجە لە پەرلەمان دەربچێت، ئەوکاتە ئەوەی راگیراوە لە هەرێمی کوردستانیش دەست پێدەکاتەوە.”
لەوبارەیەوە عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: “راگرتنی سڕینەوە و زیادكردنی نوێ لە دامودەزگاکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای بڕگەکانی بودجە هات، کە بریتی بوون لە ڕاگرتنی دامەزراندن و گۆڕانكاری نەكردن لە میلاكی دامودەزگاکان، تاوەكوو خشتەی بودجەی 2025 پەسند دەكرێت.”
روویشیکردەوە: “بەردەوامی ئەو پرسە کێشەی زۆری بۆ فەرمانبەران و فەرمانگەكانیش دروست كردووە.”
عەتوان عەتوانی راشیگەیاند: “چاوەڕوانی خشتەکانی بودجە دەکەین بگەن بە پەرلەمان، بەوپێیەی لە بودجەدا دەقگەلێک لەخۆ دەگرێت، کە رێگە بە دامەزراندن نادەن، چ بە مووچەی رۆژانە بێت، یان گرێبەستی تازە، بەڵام گرێبەستەکان ئەو فەرمانبەرانەن، کە مووچەکانیان لە حکوومەت لە ڕێگەی وەزارەت و دامودەزگاکانەوە وەردەگرن و ئەوانیش بە دامەزراندنی نوێ هەژمار ناکرێن، بەڵکوو تەنیا جێگیركردنیان دەوێت و دەبێت ئەوە بكرێت.”
ئاشکراشی کرد: “لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە پەیوەندیداین، چاوەڕێی نووسراوێکی ئەنجومەنی خزمەتی دەوڵەتین بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتی جێگیركردنی گرێبەستەكان و كردنیان بە هەمیشەیی، چونكە بڕیاریان هەیە.”
لەبارەی پلەبەرزکردنەوە و سەرمووچە، سەرۆكی لێژنەی دارایی گوتی: “دوای پەسندکردنی خشتەکان پێویستە پلەبەرزکردنەوەکان بەردەوام بن، دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو خشتانەی پەیوەستن پێیانەوە پەسەند دەکات و پێشبینیش دەكەین حکوومەت خشتەکانی بودجە لە ناوەڕاست یان پێش کۆتایی ئەم مانگە بۆ پەرلەمان بنێرێت، بۆ ئەوەی ئەو كێشانە چارەسەر بكەین.”