ئەمڕۆ لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ عێراق دەربارەی هاوردەکردنی غازی ئێران کۆتایی دێت

ئەمڕۆ لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ عێراق دەربارەی هاوردەکردنی غازی ئێران کۆتایی دێت و شارەزایان یش دەڵێن عێراق تووشی کێشەی گەورە دەبێت.
ماڵپەڕی “ڕیل کلێر ئەنگری”ـی ئەمریکایی کە تایبەتە بە کاروباری وزە، ڕایگەیاند، ڕۆژی 7ـی ئادار دەبێتە تاقیکردنەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بەوەی ئایا پاڵ بە عێراقەوە دەنێت بۆ ئەوەی خۆی لە دەستی ئێران ڕزگار بکات یاخود نا، چونکە لێخۆشبوونی ئەمریکا کە ڕێگە بە بەغدا دەدات غاز و کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە بکات، کۆتایی دێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئیدارەی ترەمپ لە یاداشتنامەی دووەمی سەرۆکایەتیدا کە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە، سیاسەتی زۆرترین فشاری دژ بە ئێران کارا کردەوە و گوتی “جارێکی دیکە ئیمزا لەسەر لێخۆشبوونی نوێ ناکات.”
شارەزایان پێشبینی دەکەن، دوای بڕیارەکەی ترەمپ کە لە 4ـی شوبات داویەتی، عێراق، ڕووبەڕووی کێشەی زیاتر بێتەوە، ئەگەر غازی ئێرانی ڕابگرێت کە نزیکەی 40%ـی بەرهەمی کارەبای عێراق لەسەر ئەو غازەیە، واتە نزیکەی 20 هەزار مێگاوات کارەبا عێراق نامێنیت.